هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا و وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم بنەماڵەی قوربانیانی فڕۆکە ئۆکراینییەکەیان خستۆتە ژێر گوشارەوە بۆ ئەوەی وتوێژ لەگەڵ تەلەڤزیۆنی ئێران بکەن.
سەرچاەویەکی ئاگادار لە دۆخی قوربانیانی فڕۆکە ئۆکرانییەکە ڕایگەیاند کە بەشێک لەو بنەماڵانە لەم دواییانەدا لەلایەن ناوەندە قەزایی و ئەمنییەکانی سەر بە ڕێژیمەوە بانگ کراون و داوایان لێکردوون کە ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانەی سەبارەت بە ئەشکەنجە و گوشار بۆ سەر ئەوان هێندراوە لە بەرچاوی کامێراکانی دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامیدا ڕەتی بکەنەوە.
وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداران داوایان لەو بنەماڵانە کردووە کە ڕاپۆرتەکانی دەرەوەی وڵات سەبارەت بەو گوشارانە ڕەت کەنەوە و بڵێن ئەوانە دوور لە ڕاستین.
جێی ئاماژەیە کە بەشێک لەو بنەماڵانە لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە کەوتوونە بەر لێدان و بێڕێزیکردن.
لەم دواییانە چاودێری مافی مرۆڤی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە بنەماڵەی قوربانیانی فڕۆکە ئۆکرانییەکە کە بە مووشەکی سپای پاسداران کەوتە خوارەوە و لە ماوەی ١٦ مانگی ڕابردوودا بەردەوام لە ژێر گوشاری ئەمنییەتی، دەروونی و قەزایی دان و داوایان لەو کەسانەی سکاڵای تایبەتیان تۆمار کردووە بۆ ئەوەی دۆخەکە لەوەی کە هەیە خراپتر نەبێ بێدەنگی هەڵبژێرن.
بنەماڵەی قوربانیان دوای ئەوەیکە وەڵامی سکاڵاکەیان ندراوەتەوە خوازیاری دادگایی کردنی “محەممەدجەواد زەریف” وەزیری دەرەوەی ئێران و “ئەمیرعەلی حاجیزادە” فەرماندەی هەوافەزای سپای پاسدارانن.
ئۆکراین، کانادا و هەروەها هەواڵنێرانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن ڕێژیمی ئێران لە ڕوونکردنەوە و بەدواداچوونی دۆسیەی بەردانەوەی فڕۆکەکە هاوکاری نەکردووین و زانیاریی ناڕوون شێواو دەدا.
فڕۆکەی ئۆکڕاینیی ژمارە ٧٥٢ کە لە مانگی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی لەلایەن سپای پاسدارانەوە کرایە ئامانج و لە ئاکام ١٦٧ کەسەکەی نێو فڕۆکەکە بوونە قوربانی دەستی جینایەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئێستاش ناوەندەکانی ئیتلاعات و قەزایی گوشار دەخەنە سەر بنەماڵەی ئەو قوربانیانە بۆ ئەوەی بێدەنگەنی هەڵبژێرن و بەدوا داچوونی بۆ دۆسیەکانیان نەکەن.