دەوڵەتی تورک بە بیانووی هەبوونی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان( پ،ک،ک) لە باشووری کوردستان سەرەڕای هێرشێکی هەمەڵایەنەی سەربازیی لە ئاسمان و زەوینەوە خەریکی بەتاڵانبردنی سەرچاوە ژینگەیی و سروشتییەکانی کوردستانە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی باشووری کودستان دەوڵەتی تورکیە لە گەڵ بەردەوامیی هێرشەکانی بۆ سەر گوند و ناوچەکانی باشووری کوردستان بە بیانووی هەبوونی پ،ک،ک، کۆمپانیایەکی تورکیی هێناوە بۆ ئەوەی داری کوێستانەکانی کوردستان ببڕنەوە و دەیبەنەوە تورکیە و دەیفرۆشن.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە هیچ دەوڵەت و هێزێکی سەربازیی لە کاتی شەڕیشدا بۆی نییە ببێتە هۆی تێکدانی ژینگە یان دێمۆگرافیای ناوچەیەک بگۆڕێ.
شایانی باسە کە دەوڵەتی تورک لە کاتی هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستانیش، ئێستاشی لە گەڵبێ خەریکی بڕینی دار زەیتوونەکانی ئەو بەشەی کوردستان و تێکدانی ژینگە و سروشتی ناوچەکەن.
لە لایەکی دیکەوە و تورکیە و ئێران ئاوی کوردستانیان بە سەر بەشەکانی دیکەی کوردستاندا داخستووە و ڕێڕەوی ئاوەکانیان بۆ ناوچەکانی دڵخوازیی خۆیان گۆڕیوە و ئەمەش سەرەڕای لێکەوتەی قەیرانی مرۆیی و ژینگەیی هیچ ناوەندێکی مافی مرۆڤ و نێونەتەوەیی دەنگی لێوە نەهاتووە و نایە.
هەروەها کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ساڵانێکە بەربۆتە گیانی ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە بڕینی دارەکان و ئاگرتێبەردانی دارستان و ژینگەی کوردستان تەنانەت دڕندەیی خۆی لە گەڵ ژینگەی ئەم وڵاتەش ناشارێتەوە.