مەولانا عەبدولحەمید وتی: کۆماری ئیسلامی بە سیاسەتەکانی کە دووبەرەکیی دروست کردووە، کۆمەڵگەی سوننی مەزهەبی شێواندووە.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، “مەولانا عەبدولحەمید ئیسماعیلزەهی” پێشنوێژی هەینیی سوننی مەزهەبی زاهیدان، لە نوێژی هەینیی ڕابردوودا، لە دووبەرەکیی سیستماتیکی ڕێژیمی ئێران بەدژی سوننییەکان ڕەخنەی گرت و وتی؛ بارودۆخی سوننییەکان ماوەی ٤٣ ساڵە نالەبارە.
مەولانا عەبدولحەمید وتی: سوننییەکان ۴۳ ساڵە به هیوای چارەسەری کێشە و گرفتەکانیانن، بەڵام هیچ کێشەیەکیان چارەسەر نەکراوە بگرە زیاتریش بووە، سوننی مەزهەبەکان هیچ هیوایەکیان بە سیستمی کۆماری ئیسلامی نەماوە و دامەزراندنی سونییەکان لە ئیدارەکانی حکوومەتدا دەگمەنە؛ لە زۆربەی شارەکانیش مزگەوتیان نییە و بۆ نوێژکردن تووشی گێچەڵیان دەکەن.
مەولانا عەبدولحەمید جەختی لەسەرئەوە کردەوە کە، ڕێفۆرمخوازانی کۆماری ئیسلامی، کۆمەڵگەی سوننی و بە گشتی کەمینەکانیان بۆ گەرمکردنەوەی تەندووری هەڵبژاردن بەکار هێناوە، بەبێ ئەوەی گرینگی بە چارەسەری کێشەکانیان بدەن یان بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن. ناوبراو پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی چاوەڕێی بەشداریی سوننی مەزهەبەکان لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی نەکات.