مەهدی تالب، بەرپرسی بنکەی عەممار و برای حوسێن تالب، بەڕێوەبەری پێشووی وەزارەتی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، بە پشتیوانیکردن لە شۆرای نیگابان بۆ ڕەتکردنەوەی پاڵێوراوان وتی: ئێمە ئەمڕۆ گەیشتووین بە قۆناغی پوختەیی ئینقلاب و دڵنیایین سەر دەکەوین.
تالب لە بەشێک لە قسەکانیدا دەڵێ: کە بیستوومە نەوەی ئیمام خومەینی وتوویە من بە جێی پاڵێوران بوایەم دەستم هەڵدەگرت و دەکشامەوە، ئەو قسانەی ناوبراو لە کاتێدا بووە کە خامنەیی ڕێگەی نەدابوو نەوەی خومەینی خۆی بۆ سەرۆککۆماری بپاڵێوێ.
بەرپرسی بنکەی عەممار لە درێژەی قسەکانیدا هۆشداری بە نەوەی خومەینی دا و وتی: ئیمام بۆ لە تۆ لە سەرتریشی نووسیوە بۆ مونتەزری نووسی کە تۆ (حەسەنی خومەینی) لە بەرامبەر ئەودا هیچ نییە، بۆ مونتەزری نووسی کە بەهۆی ڕوانگەکەتەوە تۆ ببی بە ڕێبەر، دەوڵەت دەکەوێتە دەستی ئەمریکا و لیبرالەکان و ڕوو بە ناوبراو وتی باشتر وایە بچی ڕەنجنامەی باوکت بخوێنیەوە و دەرسی لێ وەربگری.
تالب دەڵێ: لە کۆماری ئیسلامیدا هەر کەس کارێکی بە دەستەوەیە چ لە سپا بێ یان لە ئەرتەش بێ یان لە مەجلیس و ئیدارەکان، ڕەوایی پێدانی کارەکەی لەلایەن وەلی فەقیهـەوەیە و هاوکات بیروڕای ڕێبەر لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و هەرکات بە شۆرای نیگابان بڵێ ئەو کارە بکە ئەوە لە دەستی ڕێبەرییدایە و سەرۆکۆماریش لە هەر جێگایەکدا ڕێبەر لە سەرەوە وتی ئەو ڕێگەیە هەڵەیە و لەو ڕێگەیە دەبێ بڕۆی دەبێ بە تەواوی قەبووڵی بکا و بڕیارەکانی ڕێبەر بەجێ بگەیەنێت ئەوە دەبێتە بڕیاری دروست و ئینقلابی.