هونەرمەند هەمزە ئاگوشی، لە درێژەی کارە هونەرییەکانیدا، بە رۆڵگێڕانی لە درامای تەلەفزیۆنیی “نۆشک ئیش” کە لە نووسینی “بەهارە بەدەوی” و خاتوو مەلیکا و دەرهێنانی “تێریا رانگنێس و بەرهەمی تەلەڤیزیۆنی میللی وڵاتی نۆڕوێژ “ئێن ئار کۆ NRK”یە، توانی سەرەنجی کۆمەڵگای هونەریی و بینەرانی ئەو وڵاتە بۆ خۆی رابکێشێ و لە نێو ٨٠ دراما و بەرنامەی تەلەڤیزیۆنیدا، وەک باشترین ئەکتەری رۆڵی دووهەم. بۆ وەرگرتنی خەڵاتی gullruten واتە “چوارچێوەی زێڕین”ی ساڵی ٢٠٢١ کە گەورەترین خەڵاتی تەلەڤیزیۆنیی وڵاتی نۆڕوێژە، کاندید بکرێ و لەگەڵ سێ ئەکتەری بە ئەزموونی ئەو وڵاتە بکەوێتە کێبەرکێ و پلەی سێهەم بەدەست بێنێت.
شایانی باسە، ساڵی ٢٠١٩ش کورتە فیلمی “شوانەکە” کە لە دەرهێنانی هونەرمەندی کورد ” بڕوا وەهابپوور” بوو، و هونەرمەند هەمزە ئاگوشی رۆڵی سەرەکی تێدا گێڕابوو، جیا لە چەندین خەڵاتی جۆراوجۆری نێودەوڵەتی، توانی خەڵاتی “گەڵای زێڕین”ی باشترین کورتە فیلمی کوردیی فێستیڤاڵی دهۆک بباتەوە.
هەمزە ئاگوشی، لە دایکبووی گوندی خەلیفەلیانی ناوچەی سندووسی نەغەدەیە و ساڵانێکی زۆرە لە ریزی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا چالاکی هەیە و وێڕای کاری سیاسی و راگەیاندن لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، خاوەنی دەیان بابەت و چیرۆک و دەقی ئەدەبی و بەرهەمی هونەرییە.