مەسیح موهاجری بە ئاماژە بە ڕەتکردنەوەی بەربڵاوی لێهاتوویی بەربژێرەکانی سەرۆککۆماریی وتی: ئەمجۆرە سیاسەتە یەکدەستکردنەوەی دەسەڵاتە و لە ئاکامدا دەبێتە هۆی بەشداری نەکردنی خەڵک و بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان.
مەسیح موهاجری، سەرنووسەری ڕۆژنامەی”جمهوری ئیسلامی” ڕۆژی شەممە ٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتارێکدا زۆربە توندی ڕەخنەی لە شۆرای نیگابان لەهەمبەر ڕەتکردنەوەی بەربڵاوی لێهاتوویی و لێوەشاوەیی بەربژێرانی سەرۆککۆماریی گرت و وتی: ئەو کەسانەی کە لێهاتوویی و لێوەشاوە بوونیان لەلایەن شۆرای نیگابانەوە پەسەندکراوە هیچ پلان و بەرنامەیەکی گشتییان بۆ چارەسەرکردنی کێشەوگرفتەکانی وڵات نییە و بە گشتیی ئەوکەسانەی کە شیاوبوونیان پەسەندکراوە بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی، هێزوتوانای ئەوەیان نییە کە کێشەی خەڵک و وڵات چارەسەربکەن.
ناوبراوا بە ئاماژە بەوەی کە لە ئێستاوە دیارە کێ دەبێتە سەرۆککۆماری ئێران و ڕوون و ئاشکرایە کە دەسەڵات بۆ یەکدەستکردنەوەی خۆی کێ هەڵدەبژێرێ نووسی: داوا لە هەموو بەربژێرەکانی دیکە دەکەم زۆر خویان تووشی کێشە مەکەن ئەوانیش دەزانن کێ سەرۆککۆمارە.
لە لایەکی دیکەوە عەلی ڕەبیعی، وتەبێژی دەوڵەتی ڕووحانی، ڕۆژی شەممە لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی ئێراندا بڵاوبووەوە بە ئاماژە بە بێ بەرنامەیی بەربژێرانی پۆستی سەرۆککۆماری وتی: لە قسەکانی بەربژێرەکاندا دەردەکەوێ کە چەندە ناکارامە و بێسەوادن و بەڵێنی زیاترکردنی یارانە بەخەڵک دەدەن لە کاتێکدا ئێران بە دۆخێکی خراپی ئابوورییدا تێپەڕ دەبێ، لە لایەکی دیکەوە بەربژێریکی دیکە بەڵێنی پێدانی ٥٠٠ میلیۆن تمەن وام بە ئەو کچ و کوڕانەی کە هاوسەرگیری دەکەن دەدا کە بۆ خۆشی باوەڕی بە قسەکانی خوی نییە.