قائانی، فەرماندەی سپای قودسی ئێران دەڵێ: خاکی ئیسرائیل خاکی فەلەستینە، شوێنیک بەناوی ئیسرائیل بوونی نییە و دەبێ ئیسرائیل ئەو خاکە چۆڵ بکا.
ئیسماییل قائانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران، ڕۆژی هەینی ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕێوەڕەسمی چلەی پاسدار محەممەد حیجازی، هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکا و دەڵێ: پێش ئەوەی کە فەلەستینییەکان بێن و وڵاتەکەی خۆیان لە دەستی ئێوە ئازاد بکەن باشتر وایە کە ئێوە ئەو خاکە پیرۆزە بە جێبهێڵن و بڕوون، ئێوە خاوەنی ئەو خاکە نین ئەو خاکە خاکی پیرۆزی فەلەستینە و تا خانووبەرە لە ئەمریکا و ئورووپا گران نەبووە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆتان.
جێگای ئاماژەیە کە پاسداری تێرۆریست” محەممەد حیجازی” یەکێک لەو فەرماندەرانی سپابووە کە بەشداری لەهەموو شەڕە داسەپێنداراوەکانی بەسەر کوردستاندا کردووە و دەستی بەخوێنی ڕۆڵەکانی کوردستان سوور بووە، ناوبراو ماوەیەک فەرماندەی سپای پاسداران لە لوبنان بووە و بەهۆی پێشیلکردنی مافی مرۆڤەوە لە ئێران لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە خراوەتە لیستی گەمارۆکانەوە.
ناوبراو لە ٢٩ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا بە شێوەیەکی گوماناوی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران مردووە و لەم پێوەندییەدا پیشتر ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایانگەیاندبوو کە ناوبراو بەهۆی جەڵتەی دڵەوە مردووە، بەڵام لە لایەکیی دیکەو بڵاویان کردەوە کە بەهۆی ماددەی شیمیاییەو کە لە شەڕدا بریندار بووە مردووە بەڵام راگەیاندنەکانی دیکە باسی کوشتنی ناوبراو لە لایەن خودی ڕێژیمەوە دەکەن.