لەحاڵێکدا کە هەوڵەکانی دەوڵەتی جۆبایدێن، بۆ گەڕانەوەی بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، گەیشتۆتە قۆناغەکانی کۆتایی و دژایەتییەکانیش لە ئەمریکا بەنیسبەت گەڕانەوەی بێ مەرج بۆ بەرجام، تەشەنەی سەندووە.
ڕیک ئێسکات، سێناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا، بە ڕەخنەگرتن لە بەرنامەکانی “جێنت یەلێن”، وەزیری خەزێنەداری دەوڵەتی بایدێن، لە لاپەڕەی تویتێری خۆی نووسی: دەتهەوێ گەمارۆکان لەسەر ڕێژیمی ئێران هەڵگری؟ ڕێژیمێک کە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی لە تێرۆریستانی حەماس دەکا و دارایی تێرۆریستانی ناوچەکە دابین دەکا کە دەیهەوێ ئیسرائیل لەناو ببات و ڕقیشی لە ئەمریکایە؟ ئێوە چاوتان بەڕووی ڕاستییەکاندا داخستووە.
وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، چەند ڕۆژ لەمەوبەر وتبووی کە، لەئەگەری گەڕانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی و پێبەندبوونی بە بەڵێنەکانی، واشینگتۆن گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتە کەم دەکاتەوە.
هەروەها سەبارەت بەو قسانە ٢٤سێناتۆری کۆماریخوازیش لە نامەیەکی سەرئاواڵەدا ڕووبە جۆبایدێن بەدژی گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ بەرجام هوشداریان دا و دەڵێن نابێ ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا بکرێ کە ئەو ڕێژیمە تەنیا بەمەبەستی پاڵشتییکردنی تێرۆریزم بەرجام بەکار دێنێ.
لەبەشێکی نامەی سێناتۆرە کۆماریخوازەکاندا هاتووکە، هەموو کەسێک دەزانێ کە کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی بەرچاو مافی مرۆڤی خەڵکی وڵاتەکەی خۆی پیشێل دەکا، دابینکەری ماڵیی تێرۆریزمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوڵەتانی دیکەشە، لەڕاستیدا هەرم بەو هۆکارەیە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ١٩٨٤ی زایینییەوە ڕێژیمی ئێرانی وەکوو تێرۆریزمی حکوومەتیی ناساند.