عەلەمولهودا، پێشنوێژی هەینیی مەشهەد و پشتیوانی ئیبراهیم ڕەئیسی دەڵێ: ئەو کەسانەی کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی لە ئێراندا بایکۆت دەکەن کافر و بێ دینن.
ئەحمەد عەلەمولهودا، پێشنوێژی هەینیی مەشهەد و بابی هاوژینی ئیبراهیم ڕەئیسی، یەکێک لە بەربژێرەکانی سەرۆککۆماریی و کەسی نزیک لە خامنەیی، ڕۆژی هەینی ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە پەراوێژی نوێژی هەینیدا وتی: بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا ئەرکێکی دینییە و ئەو کەسانەی کە هەڵبژاردنەکان بایکۆت دەکەن کەسانی کافر و بێ دینن.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەئاماژە بە جێگە و پێگەی شۆرای نیگابان وتی: ئەو کەسانەی دەڵێن لەبەر ئەوەی کە شۆڕای نیگابان لێهاتووی ولێوەشاوەیی ئێمەی بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی ڕەتکردوەتەوە وئێمە دەنگدان بایکۆت دەکەین وەکوو ئەو وایە کە بڵێن ئێمە نوێژ ناکەین و ئەو کەسانە کافر و بێ دینن.
عەلەمولهودا لە درێژەدا دەڵێ: جێبەجێکردنی بڕیارەکانی خامنەیی و شۆرای نیگابان، یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکانی هەموو دیندارانی ئێرانی و دەبێ ئەو بڕیارگەلە لەلایەن خەڵکەو جێبەجێ بکرێ.