عەلی خامنەیی لە چاوپێکەوتنێکی ئونلایندا لەگەڵ نوێنەرانی مەجلیس، پشتیوانی خوی لە شۆرای نیگابان و پەسەندکردنی بڕیارەکانی شۆرای نیگابان بۆ ڕەتکردنەوەی شیاوبوونی بەربژێرانی سەرۆککۆماریی دەربڕی.
عەلی خامنەیی، لە ویدیۆ کۆنفراسێکی ئۆنلایندا لەگەڵ نوێنەرانی مەجلیس، ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە هێرشکردنە سەر ڕەخنەگرانی شۆرای نیگابان و پەسەندکردنی بڕیارەکانی ئەو شۆرایە لەهەمبەر ڕەتکردنەوەی لێهاتوویی بەربژێرانی سەرۆککۆماریی وتی: گوێ لەقسەی ئەو کەسانەی کە دەڵێن نەچنە پای سندووقەکانی دەنگدان مەگرن و قسەی ئەوانە جێگای متمانە و باوەڕ نییە.
ناوبراو لە درێژەی ویدیۆ کۆنفرانسەکەیدا لەگەڵ نوێنەرانی مەجلیس وتی: ئەو کەسانەی کە خەڵکی هاندەدەن دەنگ نەدەن و بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکەن کەسانی دڵسۆزی خەڵک و ئێران نین.
جێگای ئاماژەیە شۆرای نیگابان ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بە ڕەتکردنەوەی لێهاتوویی و لێوەشاوەیی لە سەتا ٩٩ی بەربژێرەکان بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی لە کۆی ٥٩٢ بەربژێر تەنیا ٧کەسی بە شیاوی ئەو پۆستە زانیوە و ئەم کارەی شۆرای نیگابان ناڕەزایەتیی زۆری خەڵک و ئەو کەسانەی کە خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی بەربژێر کردبوو لێکەوتەوە.
لەلایەکی دیکەوە سادق لاریجانی، ئەندامی ئێستای شۆرای نیگابان و بەرپرسی پێشووی دەزگای قەزایی ئێران، بڕیارەکانی شۆرای نیگابانی لەهەمبەر ڕەتکردنەوەی بەربژێرەکان بە نەشیاو ناوبرد و وتی: لە ژێر گوشاری ڕێکخراوە ئەمنییەتییەکاندا شۆرای نیگابان ئەم بڕیارەی داوە.