باڵوێزی پێشووی ئەمریکا لە بەیرووت دەڵێ: تا ئەو کاتە حیزبوڵای سەر بە ڕێژیمی ئێران لە لوبناندا دەسەڵاتی هەبێ، لوبنان نابێتە خاوەن دەسەڵات و ناتوانێ سەروەریی ئەو وڵاتە بپارێزێ.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، دەیوید هیل، جێگری کاروباری سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و باڵوێزی پێشووی ئەمریکا لە لوبنان، ڕۆژی هەینی ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وێبینارێکدا سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لوبنان کە لە واشینگتۆن بەڕێوەچوو وتی: دەوڵەتی لوبنان هیچ کات ناتوانێ ببێتە خاوەن سەروەریی و دەسەڵاتێکی سیاسیی، مەگەر ئەو کاتەی گرووپی حیزبوڵای لوبنان کە سەر بەڕێژیمی ئێرانن، چەکەکانیان دانێن و قاچاخی نایاسایی نەکەن و بڕیارەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران جێبەجێ نەکەن.
دەیوید هیل لە درێژەی وێبینارەکەدا وتی: تا ئەو کاتەی گرووپێکی میلیشیا بە فەرمانی وڵاتێکی دیکە خەریکی ئاژاوە و ناسەقامگیریی لە نێوخۆی وڵاتەکە بێ، هێچ کەس ناتوانێ نێوی وڵاتی لەسەر دابنێ.
ناوبراو بە ئاماژە بە پشتیوانیکردنی ڕێژیمی ئێران لە حیزبوڵای لوبنان و دابینکردنی چەکوچۆڵ بۆ ئەو گرووپە وتی: تا کاتێک کۆتایی بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران بەهۆی حیزبوڵای لوبنانەوە نەهێنن، لوبنان ناتوانی سەروەریی و دەسەڵاتی سیاسیی خۆی بپارێزێ.