ئیلی کۆهێن، وەزیری ئیتلاعاتی ئیسرائیل دەڵێ: ئێزن بە ئێران نادەین بە هیچ جۆرێک چەکی کۆمەڵکوژ بەرهەمبێنێ.
ئیلی کۆهێن، وەزیری ئیتلاعاتی ئیسرائیل، ڕۆژی هەینی ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە وتی: هەموو ڕێکارەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمی ئێران لە بەردەستماندایە و هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین و بە هیچ جۆرێک ئیزن بە ڕێژیمی ئێران نادەین دەستی بەچەکی کۆمەڵکوژیی ڕابگا.
ناوبراو لە درێژەدا سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران بەهۆی دەستێوەردانەکانیەوە لە وڵاتانی وەکوو سووریە، یەمەن، عێراق، لوبنان و غەززە، هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیرییە لە ناوچەکەدا وتی: ڕێژیمی ئێران مەترسیدارە و بە پشتیوانیکردن لە میلیشیا تێرۆریستەکان ئاسایشی وڵاتانی دەورووبەری تێکداوە و دەبێ ڕووبەڕووی ئەو ڕێژیمە ببینەوە.
کۆهێن لە کۆتاییدا وتی: بەکۆدەنگی وڵاتانی جیهان یان بۆ خۆمان بە تەنیا ڕووبەڕووی ڕێژیمی ئێران دەبینەوە و ئیزنی پێنادەین دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.