حەوت بەندکراوی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ لە هەمبەر بارودۆخی نالەبار و پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانیان و ئازار و لێدانی بەرپرسانی زیندان، مانیان لە خواردن گرت.
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، حەوت بەندکراوی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، بە ناوەکانی “بەهادین قاسم زادە، داوود قاسم زاده، پوریا مورسەلی، ڕامین شیرزاد، جەواد شیرزاد، محەمەد حەزرەت پوور و حوسێن کەریمی” مانیان لە خواردن گرتووە.
شایانی باسە کە داوود قاسم زادە کەمئەندامە و پێویستی بە چاودێری پزیشکیی هەیە بەڵام بەرپرسانی زیندان تا ئێستا ڕێگەی چارەسەری پزیشکیان بە ناوبراو نەداوە و بارودوخێکی گونجاوتریان بۆ دابین نەکردووە.
تا ئێستا چەندین بەندکراو لە بەندیخانەی ورمێ لە بەر خراپی هەڵسوکەوت بەرپرسانی بەندیخانە و پێڕانەگەیشتن بە داواکاریەکانیان پەنایان بۆ خۆکوشتن بردووە.
جێی ئاماژەیە هەر بەو هۆیەوە شەوی ٢٧ی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی زیندانییەک بە ناوی”ئەمیر ڕەزایی” لە ژێر ئەشکەنجەی لێکۆڵەرانی ئەو بەندیخانەیە گیانی لە دەستدا.