لە ڕاپۆرتی ساڵانەی فەیسبووکدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامی دوای ڕووسیە، گەورەترین سەرچاوەی هەواڵی درۆ، ناڕاست و چەواشەکارانەیە لە جیهاندا.
تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک کە خاوەن ٢.٨٤ میلیارد بەکارهێنەرە، ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاو کردەوە کە تێیدا باس لە بلاک کردنی ١٥٠ ئەکاونتی ساختە و ناڕاست لە ماوەی نێوان ساڵەکانی ٢٠١٧ تا ٢٠٢٠ی زایینی دەکا و ناوی کۆماری ئیسلامی وەکوو یەکێک لە گەورەترین بنکەکانی بڵاوکردنەوەی درۆ و هەواڵی ناڕاست و دژەزانیاریی هاتووە کە بەردەوام هەنگاوی بۆ بەئامانج کردنی ڕای گشتیی هەڵهێناوە.
لەو ڕاپۆرتەدا سەبارەت بە کاریگەریی بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ و چەواشەکارانە لەسەر کۆمەڵگەی ئەمریکا هاتووە کە، کۆمەڵێک دەستی دەرەکی هەوڵیان داوە خۆیان بە گرووپە ناوخۆییەکان ببەستنەوە و سنووری نێوان پرسە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ئەمریکا کاڵ بکەنەوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا کە تایبەت بە قەبارەی داتا هەڵەکانە، پێداگری کراوە کە ئەو سەرچاوەگەلەی پێوەندییان بە ڕووسیە و ئێرانەوە هەیە، زۆرترین پشکیان لە بەلاڕێدابردن و چەواشەکاری بەرکەوتووە و ناوی کۆماری ئیسلامی بە ٢٣ کاناڵ و هەروەها ناوی ڕووسیە بە ٢٧ کاناڵەوە هاتووە.