هاوکات لەگەڵ زیادبوون و پەرەسەندنی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکان لە عێراق بەدژی دەستێوەردانەکانی ئێران، سپای قودس زیاتر هەوڵدەدا هێژمۆنی خۆی لە عێراقدا بپارێزێ.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕۆژی چوارشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا نووسی: بەرپرسانی ئەمنییەتیی عێراق ڕایانگەیاندووە کە چالاکییەکان و دەستێوەردانەکانی سپای قودس لە عێراقدا بەمەبەستی سەرکوت و کوشتاری خەڵکی ناڕازیی عێراق لە پەرەسەندندایە.
لەدرێژەی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکان لە عێراقدا بەدژی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران و کوشتنی چالاکانی سیاسیی و مەدەنی و تێکهەڵچوون لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەتییەکان ١کەس کوژران و چەندین کەس برینداربوون.
ناڕازییان لە خۆپیشاندانەکاندا بە دروشمگەلێک بە دژی دەستێوەردانەکانی سپای قودس لە عێراق، داوایان لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد کە کۆتایی بە دەستێوەردانەکانی سپای پاسداران لە عێراقدا بهێنێ.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، سپای قودس لە دوای کوژرانی “قاسم سولەیمانی” فەرماندەی پێشووی هێزەکانی سپای قودس، زیاتر هەوڵدەدا لە ڕێگای میلیشیاکانیەوە لە عێراقدا هێژمۆنی خۆی بپارێزێ.