بەدوای دەسبەسەرکرانی قاسم موسلێح، یەکێک لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی، بە تۆمەتی کوشتنی چالاکانی عێراقی، حەشدی شەعبی هەڕەشە لە مستەفا کازمی دەکا.
میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، شەوی چوارشەممە، ٥ی جۆزەدان بە گەمارۆدانی ناوچەی سەوز لە بەغدا و هەڕەشەکردن لە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای ئازادکردنی” قاسم موسلێح” یەکێک لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی کە بە تۆمەتی کوشتنی چالاکانی عێراقی دەسبەسەرکراوە، دەکەن .
هێزە ئەمنییەتییەکانی عێراق لەم پێوەندییەدا ڕایانگەیاند کە هێزەکانی حەشدی شەعبی، خەریکی ئاژاوەگێڕی و تێکدانی ئاسایشی عێراقن و داوا دەکەن کە قاسم موسلێح، یەکێک لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی کە بە تۆمەتی کوشتن و ئەشکەنجەی ناڕازییان دەسبەسەر کراوە، ئازاد بکرێ کە ئەم داواکارییە بە پێچەوانەی یاساکانی دەوڵەتی عێراقە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرەڕای پێکهێنانی کۆمیتەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هەمبەر تاوانەکانی قاسم موسلێح، داوای لە هاووڵاتییانی عێراق کرد کە بەرژەوەندییە گشتییەکانی عێراق لە سەرووی هەموو داواکارییەکانەوە بێ.
مستەفا کازمی بە وتنی ئەوەی کە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی دەوڵەت دابینکردنی ئەمنییەتە لە وڵاتدا وتی: خۆپیشاندانی چەکدارانەی گرووپەکانی حەشدی شەعبی، پێشێلکردنی یاسا بنەڕەتییەکانی عێراقە.