یاسادانەرێکی ئەمریکا داوای دەرکردنی خامنەیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر دەکا.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، “تام کاتێن” یاسادانەر و سێناتۆری کۆماریخوازی ئەیالەتی ئارکانزاس، بە ئاماژە بە توویتی “عەلی خامنەیی” ڕێبەریی ڕێژیمی ئێران، کە سەبارەت بە پاکتاوکردنی فەلەستین لە جولەکەکان،لە لاپەڕەی خۆی لە تویتێر نووسیبووی، داوای کرد ناوبراو لە تویتێر دەربکەن.
کاتێن لە لاپەڕەی خۆی لە تویتێردا سەبارەت بەو قسانەی خامنەیی دژکردەوەی نیشاندا و نووسی: “خامنەیی دەڵێ زەویی پیرۆزی فەلەستین دەبێ لە پیسایی پاکتاو بکرێ، چۆن ئەو تیرۆریستەی کە لایەنگری کۆمەڵکوژییە دەتوانێ کەڵک لە تویتێر وەرگرێ؟”
جێی ئاماژەیە کە ئەوە یەکەمین جار نییە کە بەرپرسانی ئەمریکایی داوا دەکەن کە نەهێڵن بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە ئەمریکاییەکان وەربگرن.
لە سەردەمی سەرۆککۆماری دۆناڵد ترامپ، یاسادانەران و بەرپرسانی دەوڵەتیی ئەمریکا بە جەختکردنەوە لەسەر کەڵک وەرگرتنی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە و چالاکی کردن بەدژی ئەمریکا، خوازیاری قەدەغە کردن و دەرکردنی خامنەیی، محەممەدجەواد زەریف و بەرپرسانی دیکەی ئەو رێژیمە بوون.
ساڵی ڕابردووش “تێد کرووز” سێناتۆری کۆماریخوازی ئەیالەتی تێگزاس، بە ئاماژە بە دژ بە جولەکە بوونی خامنەیی و دژایەتیی ناوبراو لەگەڵ پەیماننامەی ” ئیبراهیم” کە پەیماننامەیەکە لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیدا، داوای لە “جەک دورسی” بەڕێوەبەری تویتێر کردبوو کە کەڵک وەرگرتنی ڕێبەرانی ئێران لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە قەدەغە بکا.