ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری “ئێرانشار”، بە بیانووی مڵکی دەوڵەتییەوە، شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی بەلووچیان لە گەڕەکی “چاهی جەماڵ” تێکداوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، ڕۆژی سێشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێرانشار، بە هاوکاریی شارەوانی و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، ماڵی هاووڵاتییانی بەڵووچیان لە گەڕەکی “چاهی جەماڵ”ـی ئەو شارە بەبیانووی مڵکی دەوڵەتیی تێکداوە و داگیریان کردوون.
دانیشتووانی ئەو ناوچەیە لە چینی هەژاری کۆمەڵگەن و بەهۆی نەبوونی کار و کەسابەت و نەبوونی داهات بۆ بژێوی ژیان، لەڕێگەی “یارانە” و هاوکارییەکانی “کۆمیتەی ئیمداد”ـەوە ژیانیان بەڕێ دەچێ، بەڵام لەسەر ئەو حاڵەش شارەوانی و ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی ڕێژیم، گرینگییان بە دۆخی ژیانی ئەو چینە هەژارە نەداوە و ماڵ و حاڵیان لێ تێکداون.
شایانی باسە کە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و مەئموورانی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکان، هەڕەشەیان لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە کردووە، لە ئەگەری چۆڵنەکردنی ئەو شوێنە، دەسبەسەریان دەکەن و یارانە و هاوکارییەکانی کۆمیتەی ئیمدادیان لێ دەبڕن.