وەزیری دەرەوەی یەمەن دەڵێ: دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە وڵاتە عەرەبییەکاندا هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیریی شەڕ و ئاژاوەیە لە هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەحمەد بن موبارەک، وەزیری دەرەوەی یەمەن، ڕۆژی سێشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کونفرانسێک لە زانکۆی ڕۆژهەڵاتناسیی، سەر بە ئاکادیمیای زانستیی ڕووسیە، سەرەڕای ئاماژە بە ڕەوڵی تێکدەرانەی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا وتی: ڕێژیمی ئێران بە پشتیوانیکردن لە میلیشیا حووسییەکان، ئیزن نادا کە وڵاتی یەمەن بگا بە ئاشتی و تەبایی و پێکەوە ژیان.
ئەحمەد بن موبارەک، لەم کۆنفرانسەدا بە ئاماژە بە هەوڵەکانی دەوڵەتی یاسایی یەمەن بۆ گەیشتن بە ئاشتی و کۆتاییهێنان بە شەڕ وتی: ئێمە پێشوازیی لە هەوڵەکانی ئەمریکا، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و عەرەبستان دەکەین بۆ گەیشتن بە ئاشتی و تەبایی لە یەمەندا.
وەزیری دەرەوەی یەمەن لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا وتی: پشتیوانیکردنی ڕێژیمی ئێران لە میلیشیا حووسییەکان بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم ئاشتی و پێکەوە ژیان لە یەمەندا و دەبێ کۆتایی بە دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا بێ.