نەتانیاهوو: ئێمە نیگەرانین لە هەوڵەکانی دەوڵەتی بایدێن بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی و گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا.
بێنیامین نەتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ئەمریکا نابێ بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و هیوادارم کە ئەمریکا ئەم کارە نەکا لەبەر ئەوەی کە ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە ئەو ڕێککەوتنە کۆنە ڕێگا بۆ ڕێژیمی ئێران خۆش دەکا کە بەهۆی ئەو ڕێککەوتنە نێونەتەوەیەوە پەرە بە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی بدا.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاند کە ئیسرائیل بەردەوام مافی بەرگریی لە خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمێک کە دەیهەوێت بە دەسپێڕاگەیشتنی بە چەکی کۆمەڵکوژ ئیسرائیل لە نێو ببا هەیە و ئێمە ئێزن نادەین کە ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “فاکس نیوز” ئەم قسانەی نەتانیاهوو لە کونفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هاتوەتە ئاراوە و بلینکێن لەو کونفرانسە ڕۆژنامەوانییەدا وتی: جۆبایدێن بەڵێنی پشتیوانیی لە ئیسرائیلی دووپاتکردوەتەوە بەڵام ئەمریکا دەیهەوێت ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا بکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا وتی: لە ئەگەری گەڕانەوەمان بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئیسرائیلدا ڕاوێژ دەکەین و هاوکات درێژە بە ڕووبەڕووبوونەوەکانمان بە دژی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا دەدەین.