ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەریی، کادر و پێشمەرگەکانی حیزب، ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی خولێکی پێگەیاندنی کادری سیاسی لەلایەن کۆمیسیۆنی پەروەردەوە لە یەکێک لە بنکەکانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی ڕەقیب” و چەند ساتێک بێدەنگیی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد، دواتر بەڕێز ڕەحمان سەلیمی، بەرپرسی بەشی پەروەردە و پێگەیاندن لە کۆمیسیۆنی پەروەردە، ڕاپۆرتی چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی ئەو خولە سیاسییە و وانە سیاسییەکانی ئەو دەورەیەی پێشکەش بە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە کرد.
لەبەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکە بەڕێز، سکرتێری گشتیی حیزب، وێرای پیرۆزبایی لە بەشداربووانی خولەکە، تیشکی خستەسەر مێژووی پەروەردە و پێگایاندنی کادری سیاسیی لەنێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا و بەردوامبوونی کۆمیسیۆنی پەروەردەی لە قۆناخی هەنووکەییدا لە بەڕێوەبردنی خولی جۆراوجۆری سیاسی، بە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر زانی.
شایانی باسە کە ڕێوڕەسمەکە بە پێدانی بڕوانامە بە بەشداربووانی سەرکەوتوو، کۆتاییپێهات.