محەممەدباقر قاڵیباف، بەڕێوەبەری مەجلیسی شۆرای ئیسلامی: ئاژانسی نێو نەتەوەیی وزەی ناوکیی مافی دەستپێڕاگەیشتن بە زانیاریی دامەزراوە ناوکییەکانی ئێرانیان نییە.
محەممەدباقر قالیباف، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی جۆزەردان، لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، لە وڵامی پرسیاری نوێنەرێکی مەجلیسدا سەبارەت بە تەواو بوونی مۆڵەتی سێ مانگەی ئاژانسی نێو نەتەوەیی وزەی ناوکیی بۆ دەست پێڕاگەیشتن بە زانیاریی دامەزراوەی ناوکیی ئێران وتی : لە ڕۆژی ١ی جۆزەردانەوە ئەو ناوەندە مافی ئەوەی نەماوە و ئیزنی پێنادەین دەستی بە زانیارییەکانی ئەو ناوەندە ڕابگا.
ئەوە لە کاتێکدایە کە وتووێژەکانی نێوانی نوێنەرانی ئێران و گرووپی ٤+١ بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی بەرجام چەند حەوتووە کە لە وییەن لە ئۆتریش بەڕێوەدەچێ، ئەمریکاش بەشێوەی ناڕاستەوخۆ لەو وتووێژانەدا بەشدارە.
بڕیار وابوو ڕافایل گڕووسی بەڕێوەری گشتیی ئاژانسی نێو نەتەوەیی وزەی ناوکیی، یەکشەممەی ئەم حەوتوویە لە کۆنفرانسێکی هەواڵدەریی بەشداری بکات بەڵام ئەو کۆنفرانسەیان خستۆتە ئەمڕۆ و هۆکاری ئەم دواخستنەشی گەڕاندنەوە بۆ ڕاوێژکاریەکان لەگەڵ تاران.
بەپێی ڕێککەوتنی کاتیی سێ مانگە لە نێوان ئێران و ئاژانسی نێو نەتەوەیی وزەی ناوکیی، کامێراکانی ئەو دامەزراوە سەر بە ڕێکخروای نەتەوە یەکگرتووەکان لە دامەزراوەی ناوکیی ئێران چالاکی دەکەن، بەڵام دەست پێڕاگەیشتن بە زانیاریی پاشکەوتی ئەو ناوەندە تەنیا لە کاتێکدا جێبەجێ دەکرێ کە ئەگەر ئەمریکا گەمارۆکانی لە سەر ڕێژیمی ئێران هەڵبگرێ ئەگەر گەمارۆکان هەڵنەگرێ هەرچی لە کامێراکاندا تۆمار کراوە دەسڕێتەوە.
ئاکامی وتوێژ بۆ بووژانەوەی بەرجام ئێستا ڕوون نییە و جۆزێپ بوورێل بەڕێوەبەری سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا دەڵێ: کاتی ئەوە هاتووە کە هەموو لایەنەکانی ئەو وتووێژانە بڕیاری پێویست بدەن.