ناوەندی ڕاگەیاندنی بلومبێرگ لە ڕاپۆرتێکی شڕۆڤەییدا نووسی: شەڕی غەززە چاوی جیهانی خستە سەر مەترسیی مووشەکەکانی ڕێژیمی ئێران و دەبێ ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی جیهان ئەو هەڕەشەی مووشەکییانەی کۆماری ئیسلامی بەکەم نەگرن.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە، بۆ گرووپەکانی جیهادیی وەکوو حەماس و جیهادی ئیسلامی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە بواری چەکوچۆڵ و داراییەوە پاڵپشتیی دەکرێ، ڕێکۆردێکی نوێ لەسەر توانایی چەکوچۆڵ و هێرشی مووشەکیی لە بەرانبەر ئیسرائیل بەدەستهاتووە کە دۆخی ئێستای ناوچەکەی بە بەراوەرد لەگەڵ ڕابردوو زۆر جیاوازتر کردووە.
بلومبێرگ: ئەو گرووپانە لە ماوەی ١١ڕۆژی کۆتایی شەڕەکەدا، ٤هەزار مووشەکیان ئاراستەی شارەکانی ئیسرائیل کردووە کە مەودای هەندێ لەو مووشەکانە دەگاتە ٢٥٠کیلۆمیتر، ئەم ژمارە نوێیە لە بەراوەرد لەگەڵ شەڕی ساڵی ٢٠١٤ی زایینی کە حەماس تێیدا لە ماوەی ٥٠ڕۆژ، تەنیا توانی ٤٥٠٠مووشەک بەرەو ئیسرائیل بتەقێنێ زۆر مەترسیدارە.