گرووپی میلیشیای فاتمیوونی سەر بەڕێژیمی ئێران لە سووریە، هەرەشە لە خەڵک دەکەن و دەڵێن: ئێمە ئەمنییەت و ئاسایشی ئێوە دەپارێزین و ئێوەش دەبێ لە سەتا ١٠ی بەرهەمەکانتان بدەن بە ئێمە و ئەگەر ئەم کارە نەکەن دەستبەسەر هەموو بەرهەمەکانتاندا دەگرین.
چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاندووە کە میلیشیا چەکدارەکانی فاتمیوون کە سەربە ڕێژیمی ئێران، هەڕەشە لە خەڵکی گوندەکان و شارەکەکانی نێوان شاری ئەلمەیادین و شارەکی ” سەبیخان” لە ناوچەی دێرەزوور دەکەن و دەڵێن: ئێمە ئاسایشی ئێوە دەپارێزین و ئێوەش دەبێ لە سەتا ١٠ی بەرهەمی گەنمەکانتان بدەن بە ئێمە و ئەگەر ئەم کارە نەکەن دەستبەسەر هەموو بەرهەمەکانتاندا دەگرین.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، فەرماندەی میلیشیاکانی فاتمیوون، هەرەشەی لە خەڵک کردووە و وتوویە: ئەگەر ئەم باجە نەدەن دەستبەسەر هەموو بەرهەمەکانتاندا دەگرین.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریەدا هاتووە کە زۆربەی فەرماندە سەربازییەکانی گرووپی فاتمیوونی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بۆ تێکدانی دێمۆگرافیای ئەو ناوچەیە زۆربەی، زەوی و ماڵەکانی ناوچەی دێرەزووریان کڕیوە.
پارێزگای “دێرەزوور” هەڵکەوتوو لە نزیک سنوورەکانی نێوان سووریە و عێراق، یەکێک لە گرینگترین ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکانی سەربە ڕێژیمی ئێرانە.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە چاوەێری مافی مرۆڤی سووریە بڵاویکردۆتەوە لە ئێستادا زیاتر لە ١٥هەزار میلیشیای ئەفغانی، عێراقی و پاکستانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی دێرەزوور و بە تایبەتی لە نێوان دوو شاری ئەبووکەمال و ئەلمەیادین، جێگیرکراون.