ئانتۆنی بلینکێن، سەرەڕای جەختکردنەوە لە سەر ئەوەی کە وتووێژەکانی ویەن، تاقیکردنەوەیەکی ئێرانە وتی: تا ئێستاش ئاکامی وتووێژەکان ناڕوونە.
ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی جۆزەردانی١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ” ئەی بی سی” سەبارەت بە لابردنی گەمارۆکان لە سەر ئێران وتی: ئێران تا ئێستاش نەگەڕاوەتەوە بۆ بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیی و بەرپرسانی ئێرانی دەزانن بۆ گەڕانەوە بەو ڕێککەوتنە دەبێ چیبکەن.
بلینکێن لە درێژەی وتووێژەکەیدا وتی: ئێران بەردەوامە لە پشتیوانیکردن و دابینکردنی خەرجی گرووپە میلیشیا توندئاژۆکان و بەردەوام خەریکی پەرەپێدان بە ناسەقامگیری و ئاژاوەگێڕییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەم قسانەی بلینکێن پاش قسەکانی ڕووحانی سەرۆککۆماری ئێران هاتوەتەئاراوە کە ڕووحانی ڕۆژی یەکشەممە لە کۆبوونەوەی هەیئەتی دەوڵەتدا وتبووی: ئەمریکاییەکان بە سرنجدان بە وتووێژە ناوکییەکانی ویەن، ئامادەن هەموو گەمارۆکان لە سەر ئێران لاببەن و بگەڕێنەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە.
لەلایەکی دیکەوە دیپلۆماتە باڵاکانی سێ وڵاتی ئورووپایی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە وتووێژەکانی ویەن بۆ گەڕانەوەی ئێران و پێبەندبوونی بە بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیی تا ئێستا دڵخۆشکەر نەبووە و ڕێگایەکی زۆر و قورسمان ماوە لە بەردەم وتووێژ و گەیشتن بە ڕێککەوتن.