حوسێن هاشمی، لە بەندکراوانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی که لە گرتووخانەی گەورەی تاران دەسبەسەرە، لە نامەیەکدا نووسی:” ماددەی هۆشبەری شیشه و تەریاک به ئاسانی لە بەندیخانەکاندا لە بەردەستدایە، بەڵام ئاومان دەستناکەوێ.
ناوبراو نووسیویەتی: “ڕۆژانە ١٠ بۆ ۱۵ هەزار تمەن پارەی ئاو دەدەین، ئەمە چکۆلەترین کێشەی ئێمە زیندانیانی خەزەڵوەری ۹۸ی هەتاوییە.”
هەروەها لە درێژەدا دەڵێ” ئەو گەنجانەی کە لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخی لیترێک بەنزینی بۆ ٣هزار تمەن خۆپیشاندانیان کرد، ئێستا دەبێ لیترێک ئاوی خواردنەوە بە ۵ هەزار تمەن بکڕن و ئاوی زیندانی تاران بۆ خواردنەوە نابێ و بۆنیدێ.
شیشه، تەریاک و جۆرەکانی دیکەی ماددەی هۆشبەر وەکوو لمی دەشت زۆرە و لە بەردەستدایە، بەڵام پەرداخێک ئاوی خواردنەوە، دەزگایەکی گەرمکەرەوە و فێنک کەرەوە و شوێنێکی بێدەنگ بۆ خوێندنەوەی کتێبێک بوونی نییە”.
ناوبراو دەڵێ: لە دادگایەکی ٣٠ خولەکیدا بەبێ پارێزەر و ئیزنی بەرگرییکردن لە خۆم داداگایی کرام و حوکمی ٦ ساڵ بەندکران و ٧٤ زەربە قامچییان بۆ بڕیمەوە.
هاشمی دەنووسێ :” هەر لەسەرەتاوە پێیان ڕاگەیاندین لە زیندان چاکتان دەکەینەوە، ئێستا دەزانم مەبەستیان لە چاککردنەوە چ بووە هەر شەو لە زیندانی گەورەی تاران لێماندەدەن و بێڕێزیمان پێدەکەن.”
حوسێن هاشمی لە کۆتایی نامەکەیدا نووسی: “ئێمە نە سیخوڕ بووین ونەئاژاوەگێڕ، تەنیا کرێکارێک بووین کە لە زوڵم و چەوسانەوە وەزاڵە هاتبووین” و داوا لە خەڵکی ئێران دەکا کە دەسبەسەر کراوانی مانگی خەزەڵوەر بە تەنیا بە جێ نەهێڵن.