ئیسماعیل هەنییە بەڕێوەبەری دەفتەری سیاسیی حەماس و حوسێن سەلامی فەرماندەی سپای تیرۆریستیی پاسداران لە وتووێژیکی تەلەفوونیدا دەرئەنجامەکانی تێکهەڵچوونەکانی ئەم دواییانەی غەززە و بە تایبەت یارمەتیی ماڵی و چەکوچۆڵیی ئێران بۆ حەماسیان لێکدایەوە.
لەو وتووێژەدا ئیسماعیل هەنییە سەبارەت بە یارمەتیی ماڵی و چەکوچۆڵیی ڕێژیمی ئێران و مانەوەی لەگەڵ فەلەستین دەستخۆشی لە کۆماری ئیسلامی کرد و حوسێن سەلامیش خۆڕاگریی فەلەستینی لە بەرامبەر ئیسرائیلدا بەرز نرخاند و وتی:” ئێران بە هەموو شێوەیەک و لە هەموو بوارێکدا ئامادەی یارمەتی و هاوکاریکردنی فەلەستینە و هیچکات واز لە ڕۆڵی خۆی لەو بوارەدا ناهێنێ”.
پێشتریش هەنییە سەبارەت بە یارمەتیی ماڵی و چەکۆچۆڵیی ئێران بەو وڵاتە وتبوووی ئێمە سپاسی کۆماری ئیسلامی دەکەین کە لە هیچ پشتیوانی و یارمەتییەک بە فەلەستین دەرێغی نەکردووە.
هەر لەو پێوەندییەدا، مایک پۆمپێئۆ وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا، دژکردەوەی بەو قسانەی ئیسماعیل هەنییە نیشاندا و بەبلاوکردنەوەی بەشێک لە قسەکانی ناوبراو لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تویتێردا نووسی: ئەمریکا بە زوویی لە ڕێگای لابردنی گەمارۆکانەوە و ئەودۆلارانەی کە دەیدا بە ڕێژیمی ئێران، تا خەرجی ئەو گرووپانەی بکات دەبێتە مەترسییەکی گەورە بۆ ئەمنییەتی ئەمریکا و ئیسرائیل و هەموو ناوچەکە.