له چه‌ند شاری کوردستان مانگرتن‌و کۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین له بواره‌کانی ئیداری، خوێندکاری‌و کرێکاری درێژه‌ی بووه.
به‌پێی ڕاپۆرتی سه‌رچاوه‌کانی هه‌واڵ له کوردستان ڕۆژی دووشه‌ممه، ١٢ ی ڕێبه‌ندان کۆمه‌ڵێک له کارمه‌نده‌کانی ئیداره‌ی نه‌وسازیی کرماشان کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ناڕه‌زایه‌تییان به‌ڕێوه‌برد. ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییه بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به فه‌رق‌و جیاوازی‌دانان له نێوان کارمه‌نده‌کانی ئه‌و ئیداره‌یه بووه. ئه‌وانه‌ی له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌شدارییان کردوه ده‌ڵێن حوکمی دامه‌زرانی خزم‌و که‌سوکاری به‌رپرسان‌و نوێنه‌رانی مه‌جلیس یه‌کجێ دێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وان که ده‌ستیان ناڕوا چاره‌نووسیان هه‌روا ناڕوونه.
هه‌ر هه‌مان ڕۆژ گڕووپێک له کارمه‌نده‌کانی ئیداره‌ی بڕقی شاری سه‌حنه‌ش بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به دواکه‌وتنی مووچه‌ی مانگی به‌فرانباریان کۆبوونه‌وه.
له شاری ئیلام‌یش گرووپێک له کرێکارانی به‌شی گواستنه‌وه‌ی بار له شیرکه‌تی سیمان بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به پێنه‌دانی حه‌قده‌ستی ئیزافه‌کارییه‌کانی به‌فرانباریان له‌به‌رده‌م به‌ڕێوه‌به‌ریی ئه‌و شیرکه‌ته کۆبوونه‌وه‌و ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی.
خوێندکارانی زانکۆی زانسته مرۆییه‌کانی زانکۆی ئازادی سنه‌ش ڕۆژی دووشه‌ممه، ١٢ ی ڕێبه‌ندان بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به داخرانی ماڵپه‌ڕی هه‌ڵبژاردنی واحیده‌کانی خوێندن به‌هۆکاری قه‌رزه‌کانی شه‌هرییه کۆبوونه‌وه‌و ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی.