ئایەتوڵا مەعسوومی تارانی، ڕەخنەگری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وتووێژێکدا وتی: ئاخوندەکان دەبێ واز لە دەسەڵات بهێنن و ویلایەتی فەقێ بەرنامەیەکی سازکراوە بۆ دەسەڵات.
ئایەتوڵا عەبدولحەمید مەعسوومی تارانی، ڕووحانی ڕەخنەگری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی شەممە ١ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە دەبێ دەسەڵاتدارانی ڕێژیم، هەموویان دەستلەکاربکێشنەوە وەکوو ڕێگا چارەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێران وتی: دەبێ ئاخوندەکان واز لە دەسەڵات بهێنن و تەنیا ڕێگەچارە بۆ باشتربوونی باروودۆخی ئێران و چارەسەری کێشە و گرفتە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان دوور خستنەوەی ئاخوندەکانە لە دەسەڵاتی ئێران.
تارانی لە درێژەی وتووێژەکەیدا وتی: من لەسەر ئەو باوەڕەم بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا لە بەر دەسەڵاتی سیاسیی خویان نە لەبەر ئامانجی دینی و مەزهەبیی، خەریکی پێکهێنانی گرووپە میلیشیا چەکدارەکانە لە وڵاتانی دراوسێ بەمەبەستی تێکدانی سەقامگیری ئەو وڵاتانە بەڵام ئەگەر یارمەتییە ماڵییەکانی تاران بەو گرووپە میلیشیایانە ببڕدرێ بە دڵنیایەوە پشت لە تاران وبەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن.
ناوبراو لە درێژەدا و لەهەمبەر باروودۆخی نێوخۆیی ئێران وتی: بەرپرسانی ڕێژیم دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک نابیسن و بەهەموو شێوەیەک بەجێگای چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان ڕووبەڕووی خەڵکی ناڕازیی دەبنەوە و بە توندترین شیوە سزایان دەدەن.