ڕۆژنامەی واڵ ئێستریت ژۆرناڵ لەزاری کارناسانی سەربازییەوە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە ڕێژیمی ئێران گەورەترین دابینکەری چەکوچۆڵی سەربازیی گرووپی حەماس لە کاتی شەڕی ١١ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل بووە.
بەهۆی چاوەدێری وردی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، ڕێژیمی ئێران ناتوانێ ڕاستەوخۆ چەکوچۆڵ بگەینێتە دەستی گرووپی حەماس و گرووپی حەماس ناچارە بە پشتبەستن بە تێکنۆلوژیای بەرهەمهێنانی چەکوچۆڵی ئێرانی و لەو کەرەستە ئێرانییانەی کە لە بەردەستیدان لە مۆڵگەکانی خویان چەکوچۆڵ بەرهەمبێنن.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە میلیشیاکانی حەماس بۆ سازکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە فایبێرگڵاس و لە لوولەی ئاسنی پێشەیی بۆ بەرهەمهێنانی مووشەک و لە خوێ و ڕۆنی گەرچەک بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنی مووشەک کەڵک وەردەگرن.
لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە میلیشیاکانی حەماس، نوێترین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەرهەمی خویان بە هاوکاری ئەندازیارانی سەربازیی بەرهەمهێنانی چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران بەناوی” شەهاب”یان خستۆتە بەرچاو و جێگای ئاماژەیە کە ئەمجۆرە فڕۆکەبێفڕۆکەوانە هەمان فڕۆکەیبێفڕۆکەوانە کە میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بۆ هێرش کردنەسەر عەرەبستان کەڵکی لێوەردەگرن.
هەرلەم پێوەنییەدا بێنیامین نەتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕێژیمی ئێرانی بە هاوکاری و دابینکردنی چەکوچۆڵ بۆ میلیشیاکانی حەماس تۆمەتبار کرد و وتی: ئەگەر پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران نەبوایە لەماوەی دوو حەوتوودا گرووپی “حەماس”مان لە نێودەبرد.