هاووڵاتیان لەژێر دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا گلەییەیان لە هەر شتێک هەبێب، نابێت لە “کوتان” بەگلەیی بن. لەوکاتەوە کۆماری ئیسلامی هاتووە، دەستی بە کوتان کردووە و ئەو هاووڵاتیانەی وەک ماسیی لووس و لیچق نەبن و لەدەستی هەڵنەماڵێن، بەجۆرێک لە جۆرەکان دەیانکوتێ. شوکر بۆ پەروردەکار و ئالی بەیت و چاک و پیری ئەم وڵاتە، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەر لەسەرەتای هاتنە سەر دەسەڵاتیان بیریان لە “پێکوتە”، واتە واکسینی هەموو شتێک کردووەتەوە. تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش ئەوەی دەستیان پێ ڕاگەیشتووە، کوتاویانە.
لەم دواییانەدا کاتێک ڤایرۆسی ئەم کۆڤید نازانم چەندە بڵاو بووەتەوە، زیاتر بابەتی پێکوتە و کوتان کەوتووەتە سەر زار و زمانان. خۆ دەنا ئەوە زیاتر لە چل ساڵە حکومەتی مەردومی خەریکی کوتانی بە تاک و بە کۆی هاووڵاتیانە.
پەندێکی کوردی هەیە، دەڵێ: “بزن ئەگەر ئەجەلی هات تێشووی شوانی دەخوا”. تێشوو ئەو نان و خۆراکەیە شوان لەگەڵ خۆیدا دەیباتە چیا و لەوەڕگە و ئەوکاتەی بزن و مەڕ خەریکی لەوەڕینن، ئەویش لەو تێشووە دەخوا کە زیاتر لە گۆشت و ماست و پەنیری مەڕ و بزنەکانی پێکهاتووە.
رۆژی ٢٧ی ئەم مانگە واتە مانگی بانەمەڕان ڕێک ئەو مانگەی بێری دەڕۆن بۆ لاپەڕان، هەشت ڕۆژنامەی چاپی تاران وەک بزنی خراپ داگژاونەتە تێشووی شوانان و لە “سەروتار”ێکی هاوبەشدا باسی کوتانیان کردووە. ئەم ڕۆژنامە بیرتەسکانە لەم سەروتارە هاوبەشەیاندا چەمکی کوتانیان تەنیا لە کوتان بە پێکوتەی کۆڤید١٩دا کورت کردووەتەوە و ڕەخنەیان لە شیوازی هاوردەکردن و دابەشکردنی پێکوتەی دژە کۆرۆنا گرتووە و هەواڵی هێنان و دابەشکردنی پیکوتەکەیان بە ئاڵۆز و ناڕێک باس کردووە و دەڵێن کاری سیستەمی کۆماری ئیسلامی لە هێنان و دابەشکردنی پێکوتەکەدا زۆر ناڕێکە.
ئەم هەشت بزنە، ببوورن ئەم هەشت ڕۆژنامە ئەمەگنەناسە، بە بڵاوکردنەوەی ئەم وتارە هاوبەشەیان لە لایەک تێشووی شوانیان خواردووە و لە لایەکی دیکەوە ئەوەی تێی نەگەیشتوون ئەو “کوتان”انەیە کۆماری ئیسلامی نیزکەی نیو سەدەیە جێبەجێیان دەکا. ئەم ڕۆژنامانە لەوە زیاتریش پێیان لە بەڕەی خۆیان ڕاکێشاوە و باسی “کەرتی تایبەت”، واتە “بەخشی خسووسی”یان کردووە کە چۆن پێکوتەی دژە کرۆنا هاوردەی نێو وڵات دەکا و لە بازاڕی ئازاد دەیفرۆشێتەوە. ئاخر بڵێ بزنە ڕۆژنامە، بە ئێوە چی پاسدار لەژێر ناوی کەرتی تایبەتدا ئەم واکسینانەی کرۆنا لە سیستەمی دابەشکردنی بەخۆڕاییڕا بۆ شوێنی دیکە دەگوازنەوە و بە ناوی کەرتی تایبەتەوە دانەی بە چەند میلیۆن تمەن بە هاووڵاتیانی هەمیشە دەرسەحەنە و ئوممەتی “شەهیدپەورور”ی دەفرۆشنەوە و پاش پڕکردنەوەی کەسریی بوودجەی گیرفانیان بەشێکیشی بۆ “ڕەزمەندە-گان” و بە “ڕەزمەنده” کردنی هەموەتەنانی شەریف خەرج دەکەن؟
هەی ڕۆژنامەی ئەمەگنەناس، ئەگەر ئەم هەموو چاودێریکردنە حەکیمانەیەی بەرپرسانی ئومەت نەبوایە، هیچ بەدوور نەبوو، خوای نەخواسته بەرپرسانتان بە دز لەقەڵەم دابا و وەک هەندێک خۆپاڵێوی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار باسی لادانی حیجابیشتان کردبا.
لێرەدا بۆ تێگەیاندنی ئەم هەشت بزنە ڕۆژنامەنووسە و هەموو ئەوانەی بەتەمان وەک ئەوان بیر بکەنەوە، بە پێویستی دەزانم بە کورتی یەکەم پێکوتەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانتان بۆ باس بکەم:
ئەوکاتەی گەلی ئێران چەند مانگ دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی وەک مێگەل هوروژمیان بردە سەر سندووقی ڕێفراندۆم و دەنگیان بە کۆماری ئیسلامی دا، بەڕێوەبەرانی ڕاپەڕینی خەڵکی سەرلێشێواو، بە دانانی دوو بژاردەی “کۆماری ئیسلامی و ڕێژێمی پاشایەتی” لە ڕیفراندۆمدا، ئوممەتی ئیرانیان بۆ چەند ساڵی داهاتوو کێشایە نێو سەرەی کوتان به پێکوتەی دژی نەخۆشیی دێموکراسیخوازی.
کاتێک گەلی کوردی ژێر دەسەڵاتی ئێران لەم خۆ کوتانەدا بەشدار نەبوو، کەوتە بەر تەوژمی نەخۆشییەکە.
دیارە ئەو نەخۆشییانەی لە دێمۆکراسی دەکەونەوە زۆرن و هەر کامەیان ژان و برکی خۆی بەدواوەیە و بەڵام بەشێکی زۆریان ئاکامەکەیان یەکە.
هەویری ئەم باسی ئاوی فرەی گەرەکە بەڵام لیرەدا تەنیا ئاماژیەکی سووک بە هەندێک نیشانەی نەخۆشیی دیموکراسیخوازی دەکەین:
١- لەیەکتری جیاکردنەوەی دین و سیاسەت.
٢- خوێندن بە زمانی دایک تەنانەت ئەگەر دایکەکە نەخوێندەواریش بێت.
٣- دروستبوونی حیزب و میزب و ئەنجومەن و مەنجومەن و سەندیکا و مەندیکا و شتی وا.
٤- ناڕێکبوونی ئۆممەتی هەمیشە دەرسەحنە لە بواری پۆشینی جل و بەرگدا کە دەبێتە هۆی ڕەنگاوڕەنگبوونی جلکی ژنان و دەرکەوتنی قژ و بەشێک لە قۆڵ و سنگ و ڕان و شتی وا کە دەبنە هاندەری هەستی ئەو پیاوە بەڕێزانەی بە جۆرێک لە جۆران بەدەست نەخۆشیی مێشکەوە دەناڵێنن.
٥- بەرهەڵڵایی لە قسەکردن و دربڕینی بیروڕادا کە هەرکەس دەتوانێ خۆی بیر بکاتەوە و ئەم بیرکردنەوەیە بە خەڵکیش ڕابگەیەنێ.
٦- برەو پێدانی ڕەخنەگرتن.
دیارە بەشێک لەم نیشانەیە لەو هەشت ڕۆژنامەیدا دەرکەوتووە کە ڕەخنە لە شێوازی هێنان و دابەشکردنی پێکوتەی کۆرۆنا گرتووە.
تێبینی: ئەوانەی پێکوتەی دژی دێمۆکراسیخوازییان لە خۆیان نەداوە، بوونەتە هۆی دروستکردنی زیندانی زۆر و ڕاکردنی هاووڵاتیان بۆ هەندەران و ماندووبوونی کارمەندانی وزارەتی ئیتلاعات و هیزی ئینتزامی و سوپای پاسداران و لە کۆتاییدا دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ دەوڵەتمەردانی موحتەرەم هێندێک شتی دیکەشششششش.