ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بیی بۆکان له درێژه‌ی چالاکییه‌کانی خۆیدا کۆڕی رەخنەو لێکدانەوەی شێعرەکانی سێ شاعیری لاوی بۆکانی بەڕێوە برد.
به‌پێی ڕاپۆرتی ماڵپه‌ڕی ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بیی بۆکان ئه‌و کۆڕه ئه‌ده‌بییه که رۆژی شەممە، ١٠ی ڕێبەندان گیرا، بۆ ڕه‌خنه‌و لێکدانەوەی بەرهەمه شێعرییه‌کانی کەماڵ کەریمی، موحسین مستەفازادهو محەمەد رەسووڵی ته‌رخان کرابوو که تێیدا ئەمجەد غوڵامی و کەماڵ حاجی‌محەمەدی وەک رەخنەگر بەشدار بوون.
له کۆڕه‌دا سه‌ره‌تا ئه‌و سێ شاعیره لاوه چه‌ند تێکستێکی شێعریی خۆیان خوێنده‌وه‌و دوایه ئەمجەد غوڵامی، توێژەرو ڕه‌خنه‌گری ئەدەبی دوای ئاماژەیەکی کورت بە مێژووی شێعری جیهانی‌و هەروەها شێعری کوردی، باسی لە جۆرێک سادەنووسی کرد کە ئەمڕۆ به هۆی سازبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گەشەی سەندووه. ئه‌و پێی وابوو ئەو ئەزموونە شیعرییه ئەگەرچی لە عامەی خەڵکدا بەردەنگێکی زۆری هه‌یه، بەڵام تا رادەیەکی زۆر لە کەرەسەو ئیمکاناتی شێعری‌و بە تایبەت شێعری پێش خۆی به شێوەکی رادیکاڵ دادەبڕێ. ئه‌مجه‌د غوڵامی هۆکاری ئەوەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە لەم شێوە شێعرەدا ئەندێشه دەورێکی ئەوتۆ نابینێ‌و زەینی بەردەنگ رووبەرووی گه‌ڕانه‌وه فکرییه‌کانی پێش خۆی‌و ئێستا نابێتەوە. ناوبراو دواتر بابه‌تیانه له سه‌ر به‌رهه‌مه شێعرییه‌کانی هه‌ر سێ به‌شداربووی کۆڕه دوا.
کەماڵ حاجی‌محەمەدی، زمانناس‌و شاعیر، کۆڕگێڕێکی دیکه‌ی ئه‌و کۆڕه باسێکی کورتی له‌سه‌ر چۆنیەتی دیالۆگ کردن لەگەڵ دەق کرد‌و له‌و پێوه‌ندییه‌دا ئاماژەی به هەندێک خاڵ کرد. ئه‌و دواتر پەڕژایه سەر شێعری ئەو سێ شاعیره‌و گوتی پێکهاته لەو شێعرانەدا پێکهاتەیەکی هێڵییهو به ئاراسته جیاجیاکاندا ناڕوا. حاجی‌محەمەدی ئەو ئەزموونەی به ئەزموونێکی تەجروبی ناوبرد‌و گوتیشی ئەگەر ئەو شاعیرە لاوانه ئێلێمانەکانی دەقی شێعری زێدەتر بناسن‌و لەو ناکۆکییه کە لەگەڵ یەک هەیانه بیهێننە دەر، به دڵنیاییەوە لە داهاتوودا سەرکەوتوو دەبن.
دوایین بەشی بەرنامەکەش تێبینی‌و سەرنجی ئامادەبووان لەسەر وتاری ئەو دوو وتاربێژه‌و مشت‌ومڕ له‌سه‌ر بابه‌ته‌کانی پێوه‌ندیدار به‌و کۆڕه ئه‌ده‌بییه بوو.