مایکێل والتێز ئەندامی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێ: ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران نە بە قازانجی ئەمریکایە نە بە قازانجی خەڵکی ئێرانە و نە خزمەتێک بە سەقامگیریی ئاسایشی ناوچەکە دەکا و ئەگەر کۆماریخوازن بە دەسەڵات بگەن لەو ڕێککەوتنە دەچنە دەرەوە.
والتێز کە ئەندامی کۆماریخوازی ئەیالەتی فلۆریدا لە مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکایە، لە وتووێژێک لەگەڵ بەشی فارسی دەنگی ئەمریکا سەبارەت بە وتووێژی ناڕاستەوخۆی ئەمریکا لەگەڵ ئێران لە کاتێکدا کە ئەو ڕێژیمە پشتیوانی لە گرووپی تێرۆریستیی حەماس دەکا دەڵێ: “دەوڵەتی بایدێن دەیهەوێ بە سەدان میلیۆن دۆلار بدات بە فەلەستین ئەویش لە کاتێکدا کە حەماس لە هێرشکردن بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامە وئێران پشتیوانی لێدەکا، بەو حاڵەشەوە دەوڵەتی بایدێن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لە دانووستانە دایە و بە شێوەی گشتی باس لە لابردنی هەموو گەمارۆکانی سەر ئێران دەکەن و لەو ڕێگایەوە بە میلیاردها دۆلار دەدا بە ڕێژیمی ئێران کە یەکسەر دەچێتە گیرفانی بەرپرسانی ڕێژیم و سپای پاسدارانەوە و ئەو پارەیەش بۆ حیزبوڵا، حەماس، و حووسییەکانی یەمەن و میلیشیا چەکدارەکانی لە عێراق و سووریە ڕەوانە دەکرێ و هیچکات بە دەستی خەڵکی ئێران ناگات و بۆ خزمەتکردن بە خەڵکی ئێران خەرج ناکرێ، کە ئەوە جێی شەرمەزارییە و سیاسەتی بایدێن لەو بارەوە هەڵەیە.