لە ماوەی دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٩٦ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون.
“چاو نیوز” وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە دەڵێ ژمارەیەک لەوان دوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان تا کاتی دادگاییکرانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و ٢٠ کەس لەوان حوکمی ساڵێ و دوو مانگ هەتا ٤٠ ساڵ (سەرجەم ٢٠٤٩ مانگ، واتە ١٧٠ ساڵ و ٩ مانگ) زیندانیان بەسەردا سەپاوە. هەروەها دوو بەندکراوی کورد لە زیندانەکانی ورمێ و کرماشان یەکیان بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و ئەویتریان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لێ ئەستێندراوە.
شایانی باسە کە لە ساڵی ڕابردوو (١٣٩٩)شدا هەرنەبێ ٦٤٠ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیرابوون. لەو ٦٤٠ کەسە لانیکەم ١٨٩ کەسیان دادگایی و سزای لە سێ مانگ تا سزای درێژخایەنی ٢٥ ساڵ زیندان و تەنانەت سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو. هەروەها لەو بەندکراوانە سێ کەسیان بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیم سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو و حوکمی ئێعدامی دوو بەندکراوی سیاسیی کوردیش لە دادگای تێهەڵچوونەوەدا پشتڕاست کرابۆوە. هەروەها دوو بەندکراوی سیاسیی کوردیش لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لێ ئەستێندرابوو.