جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک نایهەوێ، تەواوی گەمارۆکان لەسەر ڕێژیمی ئێران هەڵبوەشێنێتەوە.
محەممەدجواد زەریف، لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەرپرسێکی ئورووپایی، جەختی کردەوە کە، بەردەوامیی گەمارۆکانی “ترامپ” وەکوو ئامرازی دانووستان لەلایەن دەوڵەتی “جۆ بایدێن”ـەوە، قبووڵکراو نییە و گۆڕینی ئەو ڕوانگەیە بۆ سەرکەوتنی وتووێژەکانی لە “ویەن” زۆر پێویستە.
پێشتریش “پێرێس تیڤی” کە کاناڵێکی سەر بە دەنگوڕەنگی ڕێژیمە ڕایگەیاند، لە کۆتایی دەورەی چوارەمی وتووێژەکانی وییەن ئاگادار بووە کە ئەمریکا هیچکام لە گەمارۆکانی نەوتی، بانکی، ماڵی و وزەیی بە تەواوەتی هەڵناگرێ و دەستووری کاری ئەمریکا تەنیا ڕاگرتنی کاتیی گەمارۆکان بەدژی ڕێژیمی ئێرانە.
هەروەها زەریف دوابەدوای ڕاپۆرتی پێرێس تیڤی، ڕاستەوخۆ ئەم بابەتەی پشتڕاست کردەوە و لە وتووێژ لەگەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا جەختی کردەوە کە، بەردەوامی گەمارۆکانی دەوڵەتی “ترامپ” وەکوو ئامرازی دانووستان لەلایەن دەوڵەتی جۆ بایدێنەوە، شایانی قبووڵ کردن نییە، ئاڵوگۆڕی بنچینەیی ئەو ڕوانگەیە وەکوو مەرجی پێویست بۆ سەرکەوتنی وتووێژەکان لە وییەن، بڕیارێکی سیاسییە کە سەرۆککۆماری ئەمریکا دەبێ لەبەرچاوی بگرێ.