دیوانی بەرزی ئێران سکاڵای کۆمەڵێک لە نوێنەرانی سووننیی ئێران لە حەسەن ڕوحانی، سەرۆککۆماری وڵاتی ڕەت کردەوە. ئەم سکاڵایە ڕۆژی ٨ی بانەمەڕ لە دیوانی بەرزی وڵاتدا تۆمار کرابوو.
لەو دۆسییەدا حەسەن ڕوحانی سەبارەت بە بێبەڵێنی و پشتگوێخستنی وادەکانی پێش هەڵبژاردن و هەروەها دابیننەبوونی مافی کەمایەتییە نەتەوەیی و زمانییەکان سکاڵای لەدژی بەرز کرابۆوە. عەبدوڵلا سۆهرابی، نوێنەری پێشووی مەجلیس کە یەکێک لە ئامادەکارانی ئەم دوسییەیە، دەڵێ دیوانی بەرزی وڵات بەپێی مادەی ٤٠ ئاییننامەی ئەرکەکانی خۆی دەبێ لە لادان و سەرپێچییەکانی سەرکۆمار بکۆڵێتەوە، بەڵام کە گەیشتە لێپرسینەوە کورد و سوننییەکان خۆیان لێ دزییەوە.
لەو شکایەتنامەیەدا ڕەخنە لە پشتکردنی ڕوحانی لە جێبەجێکردنی بەیاننامە ١٠ خاڵییەکەی سەبارەت بە مافی نەتەوە و ئایینەکان و هەروەها بەردەوامیی سیاسەتی هەڵاواردن و ڕوانگەی ئەمنیەتیی حکوومەت بۆ پرسی کەمایەتییە نەتەویی و ئاینییەکان گیراوە.
هەر لەو ماوەیەدا مەولەوی عەبدولحەمید، پیشنوێژی هەینیی شارەی زاهیدان ڕەخنەی توندی لە هەڵاواردنەکانی حکوومەت دژی سوننییەکانی ئێران دەربڕیبوو، و گوتبووی لەو بارودۆخەدا نابێ چاوەڕوان بن ئەو خەڵکە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بن.