هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپورتێکدا دەڵێ: سپای قودسی ڕێژیمی ئێران، پاش کوژرانی قاسم سولەیمانی میلیشیاکانی عێراقی بەسەر دوو گرووپی خۆیی و دژبەردا دابەشکردووە.
هەواڵدەریی “ڕۆیتێرز” لە زاری بەرپرسانی ئەمنییەتیی عێراق و ئەمریکاوە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە پاش کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پیشووی هێزەکانی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران لەلایەن هێزە ئەمریکاییەکانەوە لە دەسپێکی ساڵی ٢٠٢٠ی زایینیدا، سیاسەتەکانی تاران لەهەمبەر گرووپە میلیشیاکانی عێراقی سەر بە سپای پاسداران ئاڵۆگۆڕی بەسەردا هاتووە و لەلایەن سپاوە بە دوو گرووپی خۆیی ودژبەر دابەشکراون.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هێزەکانی سپای قودس متمانەی خۆیان بۆ زۆربەی فەرماندەکانی میلیشیاکانی عێراق لە دەستداوە و لە هەوڵی ئەوەدان کە هێندێک لەو میلیشیایانە وەکوو هێزێکی ئەمەگناس هەڵبژێرن و گرووپە میلیشیاکانی دێکە وەکوو دژبەر چاو لێبکەن.
ڕۆیتێرز، لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا دەنووسێ: پاش هەڵبژاردنی ئەو گرووپە میلیشیا عێراقییە بەئەمەگانە لەلایەن سپای پاسدارانەوە، بە شێوەیەکی شاراوە سپای پاسداران خەریکی ڕاهێنانی سەربازیی، ئینتێرنێتی و فەرماندەییە بەو گرووپانە بۆوەی کە بەتایبەتی بڕیاراتی سپای قودس لە عێراقدا جێبەجێبکەن.
لە دڕێژەی ڕاپۆرتکەدا هاتووە کە ٢٥٠ کەس لەو چەکدارانە کە بە شێوەیەکی تایبەتی لە لوبنان و لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران وحیزبوڵای لوبنانەوە ڕاهێنانیان پێکراوە، هێندراونەتەوە بۆ عێراق و بەدژی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، کەڵکیان لێ وەردەگرن.
سەرچاوەیەکی ئەمنییەتی عێراق لەم پێوەندییەدا بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە کە ئەو گرووپە میلیشیا ڕاهێندراوانە، لەژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی سپای قودسی ئێراندان وهەموو بڕیارەکانی سپای قودس جێبەجی دەکەن.