بلینکێن : دوو کەس لە فەرماندە سەربازییەکانی میلیشیا حووسییەکان بە ناوەکانی محەممەد عەبدولکەریم ئەلغماری و یووسف ئەلمەدەنی کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتی لە یەمەن خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە.
ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی هەینی ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە لاپەڕەی فەرمیی خوی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر نووسی: دوو فەرماندەی باڵای سەربازیی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری لە یەمەن و هەوڵە سەربازییەکانیان زۆر مەترسیدارە بۆ سەرخەڵکی مەدەنی یەمەن، خرانە لیستی گەمارۆکانەوە.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە ئەمریکا و کۆمەڵگەی جیهانی داواکارە کە میلیشیا حووسییەکانی یەمەن کۆتایی بە هێرشەکانیان بۆ سەر دەوڵەتی یاسایی یەمەن بێنن.
هەر لەم پێوەندییەدا وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە محەممەدکەریم ئەلغەماری فەرماندەی باڵای میلیشیا حووسییەکان بەهۆی فەرمانی هێرشی سەربازیی بۆ سەرخەڵکی مەدەنیی و هێرش بۆ سەر دەوڵەتیی یاسایی یەمەن خراوەتە لیستی گەمارۆکانەوە.
میلیشیا حووسییەکانی یەمەن کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانیان لێوەدەکا، بەردەوامن لە هێرش کردنەسەر دەوڵەتی یاسایی یەمەن و هەروەها ئەلغەماری بەرپرسی باڵای سەربازیی میلیشیا حووسییەکان، ڕاستەوخۆ بەرپرسیارە لە هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر وڵاتی عەرەبستان.