ئانگێلا مێركێل، سه‌دری ئه‌عزه‌می ئاڵمان ده‌ڵێ ده‌سبه‌جێ پاش ئه‌وه‌ی كه شه‌ڕو پێكدادنه‌كانی عێراق‌و سووریه كۆتاییان پێ هات، کۆچبه‌رو په‌ناخوازه‌کان ده‌بێ خاكی ئاڵمان به‌جێ بێڵن‌و بگه‌ڕێنه‌وه وڵاته‌كانی خۆیان. له هه‌مان كاتدا كاربه‌ده‌ستێكی ڕاستگه‌رای ئاڵمانیش پێشنیاری داوه كه پۆلیس ته‌قه له‌م په‌ناخوازانه بكا كه به زه‌بری زۆر دێنه‌وه نێو خاكی ئاڵمانه‌وه.
به‌پێی ڕاپۆرتی هه‌واڵده‌ریی فه‌رانسه سه‌دری ئه‌عزه‌می ئاڵمان پێداگری كردوه كه ده‌بێ ئه‌م بابه‌ته به‌و كه‌سانه ڕابگه‌یه‌نین كه له حاڵی حازردا بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی له وڵاتی ئێمه دانیشتوون. ده‌بێ پێیان بڵێین دهسهبهجێ له‌گه‌ڵ جێگیربوونی ئاشتی و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی بۆ سورویهو هه‌روه‌ها شكستی داعش له عێراق، پێویسته ئێوه به‌م ئه‌زموونه‌وه كه لێره وه‌رتان گرتووه، بگه‌ڕێنه‌وه وڵاتی خۆتان.
سیاسه‌ته‌کانی ئانگێلا مێركێل له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پرسی کۆچبه‌ران له ئاڵمان له ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا له‌گه‌ڵ ڕه‌خنه‌یه‌كی زۆری هاووڵاتییانی ئه‌م وڵاته به‌ره‌وڕوو بۆوه‌و كۆمه‌ڵێك له حیزبه دژبهرهكانیش داوای ده‌ست له كار كێشانه‌وه‌ی ناوبراویان كردبوو.
له هه‌مان كاتدا “فروك پتری”، ڕێبه‌ری حیزبی ڕاست گه‌را و دژه كۆچبه‌ری “ئا، ئێف، دی” له ئاڵمان پێداری كردوه كه بۆ ڕێگری كردن له شاڵاوی په‌ناخوازه‌كان، ده‌بێ له كاتی پێویستدا پۆلیس ته‌قه‌یان لێ بكا.
ناوبراو گوتوویه‌تی ئه‌م پێشنیاره ته‌نیا بۆ ڕێگری كردن له شه‌پۆلی په‌ناخوازن بووه كه له ڕێگه‌ی ئۆتریشه‌وه دێنه نێو خاكی ئاڵمان. شایانی باسه چوونی به‌ربڵاوی په‌ناخوازه‌كان بۆ ئورووپا له ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا بۆته قه‌یرانێكی گه‌وره له‌م قاره‌یه‌دا.