جۆرج دەبلیۆبووش، سەرۆککۆماری پێشووتری ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە هەواڵدەریی فاکس نیوزی ڕاگەیاند ڕێژیمی ئێران بۆ سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان مەترسیدارە.
ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد کە ئاگاداری کاریگەریی ئێران لە هێرشی دژ بە ئیسرائیل بووین هاوکات دەبینین کە هەوڵ دەدا ڕێککەوتنی ئیبراهیم کە ڕێککەوتنێکە لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی موسوڵماندا لەناو بەرێ.
جۆرج دەبلیۆبووش هۆشدارییدا کە دۆزینەوەی ڕێگایەکی نێونجی بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان ئیئسرائیل و فەلەستین زۆر دژوار دەبێ و دەبێ باوەڕ بکەین کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئاشتیی و سەقامگیریی وڵاتانی جیهان مەترسیدارە، ڕێژیمی ئێران بەردەوام خەریکی پشتیوانیکردن لە گرووپە ملیشیا و تووندئاژۆەکانی لوبنان، سووریە و یەمەنە و هەوڵیان ئەوەیە بازنەی ئەو کارتێکەرییە بەربڵاو بکەنەوە.
بووش هەروەها سەبارەت بە ئەگەری ڕێککەوتنی داهاتوو لەگەڵ ئێران جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە هەر ڕێککەوتنێک نەک تەنیا دەبێ پێوەندیدار بە بابەتی ناوکیی ئێرانەوە بێ، بەڵکوو دەبێ ئەوان ڕۆژهەڵاتی ناوەراستیش لە بەرچاو بگرن، نابێ ڕێگە بدەن مەترسیی وڵاتێکی تێکدەری وەک ئێران هاوپەیمانان و سەقامگیری و ئاسایشی ناوچە بخاتە مەترسییەوە.