وەزیری نێوخۆی ئاڵمان دەڵێ: ئەو کەس و ڕێکخراوانەی کە یارمەتیی گرووپە تێرۆریستەکان دەدەن لە وڵاتی ئاڵمان جێگایان نابێتەوە.
دەوڵەتی ئاڵمان ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە چالاکییەکانی سێ ڕێکخراوی نزیک لە گرووپی تێرۆریستی حیزبوڵای لوبنانی لە وڵاتی ئاڵمان قەدەغەکردووە و لەم پێوەندییەدا وتەبێژی وەزارەتی نێوخۆی ئاڵمان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر نووسی: ئاڵمان گەمارۆی خستوەتە سەر ئەو سێ ڕێکخراوەیە کە یارمەتیی ماڵی گرووپی تێرۆریستی حیزبوڵا لە وڵاتی ئاڵمانەوە دەکەن.
هەرلەم پێوەندییەدا وەزیری نێوخۆی ئاڵمان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو کەس و ڕێکخراوانەی کە یارمەتیی ماڵی گرووپە تێرۆریستییەکان دەدەن ناتوانن و ئیزنیان پێ نادەین لە خاكی ئاڵماندا بن و هەروەها لیکۆڵینەوەیەکیی بەربڵاومان بۆ بینینەوەی ئەو کەس و ڕێکخراوانە دەسپێکردووە کە بە زووترین کات دەسبەسەریان دەکەین.
جێگای ئاماژەیە کە ئەو وڵاتانەی هەردووک باڵی سەربازیی و سیاسیی حیزبوڵای لوبنانیان وەکوو گرووپێکی تێرۆریستی ناساندوو بریتین لە وڵاتانی ئۆتریش، هولەند، ئاڵمان، ئێستۆنی و کۆماری چێک و پارلمانی وڵاتی ئوسترالیا گرووپی حیزبوڵای لوبنانیان وەکوو گرووپێکی تێرۆریستیی ناوبردووە.