ڕێژیمی ئێران بەپێشێلکردنی بەرچاوی مافی بەندکراوان، بەندکراوان لە بەندیخانەکاندا وەکوو هێزی کار بەکاردێنێ و بەرپرسانی ڕێژیم دەڵێن: بەکارهێنانی بەندکراوان وەکوو هێزی کار، سەرچاوە و هێزێکی کاریی هەرزانە.
بەپێی ڕاپۆرتی” ئینتێرناشناڵ پالیسی دیجێست” بەندکراوان لە ئێراندا ناچارن بە چەندین کاتژمێر بێ ڕاوەستان و پشوودان کار بکەن و بەپێی ئەو ڕێککەوتنە کە لە بەندیخانەکانی ئێراندا کراوە سێ لە سەر چواری داهاتی بەندکراوان دەگەڕێتەوە بۆ بەرپرسی بەندیخانە بۆ نموونە ئەگەر یارمەتیی و داهاتی مانگانەی بەندکراوێک ٢٠٠ دۆلار لە مانگێکدا بێ ئەوە ١٥٠ دۆلاری بۆ بەرپرسی بەندیخانەکەیە و تەنیا ٥٠ دۆلار دەدرێ بە بەندکراوەکە.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بەندکراوان لە بەندیخانەکانی ئێراندا زیاتر ئەو کەسانەن کە بەهۆی کێشە و قەیرانی ئابوورییەوە ناتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە و ناچار دەبن ئەو ماوەیە کە بەندکراون کار بکەن، زۆربەی کارەکانی بەندکراوان کارکردن لە کارگەکانی بەرهەمهێنان یان دوور خستنەوەیان بۆ شوێنێکی دیکە و کارکردنی زۆرەملێ لە کانگاکاندایە.
لە پێوەندی لەگەڵ بەکارهێنانی بەندکراوان لە بەندیخانەکانی ئێراندا وەکوو هێزی کار” محەممەد حاج محەممەدی” بەرپرسی ئیدارەی گشتیی بەندیخانەکانی ئێران دەڵێ: بەندکراوان هێزێکی کاری هەرزانن.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە هێندێک لە کانگاکانی ئیسفەهان بۆ بەدەستهێنانی پارەی زیاتر و بەکارهێنانی بەندکراوان وەکوو هێزی کار لەگەڵ بەرپرسانی بەندیخانەی ئیسفەهاندا ڕێککەوتنیان کردووە.