وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا قسەکانی ئەردۆغانی سەبارەت بە خەڵکی یەهوود بە توندیی مەحکووم کرد.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا وتەکانی “ڕەجەب تەیێب ئەردۆغان” سەرۆککۆماری تورکیە سەبارەت بە یەهوودییەکان بە تووندیی مەحکووم کرد و وتەکانی ناوبراوی بە ناپەسند زانی.
وتەێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی:” ئێمە داوا لە ئەردۆغان و ڕێبەرانی دیکەی تورکیە دەکەین لە قسەگەلێک کە دەبێتە هۆی زیاتربوونی تووندوتیژییەکان خۆ بپارێزن.
ئەردۆغان ڕۆژی ڕابردوو ڕەخنەی لە ڕوانگەی ئەمریکا و ئوتریش، بۆ شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین گرت و لە بەرامبەر فەلەستیندا ئیسرائیلی بە تیرۆریست ناوبرد.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی فەرانسە، سەرۆککۆماری تورکیە وتبووی ئیسرائیلیەکان قاتڵن و جۆبایدێنیش بەهۆی پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل مێژووی بە دەستی لە خوێن وەردراو دەنووسێتەوە و ڕەخنەی لە ئوتریش گرت کە بۆ پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل، ئاڵای ئیسرائیل لە بینا حکومەتییەکانی وڵاتی ئوتریش هەڵکردبوو.
ئەو وتانەی ئەردۆغان بوو بەهۆی ئەوەی کە وەزیری دەرەوەی ئوتریش سەفەرەکەی بۆ تورکیە هەڵبوەشێنێتەوە.
تورکیە بە فەرمی پشتیوانی لە فەلەستین دەکا و ئەو قسانەی ئەردۆغان لە کاتێدایە کە خۆی دەستی بە خوێنی هەزاران منداڵی کورد سوور بووە و ساڵانە بە هەزاران جینایەتی دژەمرۆیی دەخوڵقێنێ.
شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە دووشەممەی حەفتەی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە و تا ئێستا ئاگربڕ ڕانەگەیەندراوە و وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل وتی:” تا ئێستا زیاتر لە ١٥٠ کەس لە تێرۆریستەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی لە غەززە کوژراون.
سەرچاوەکانی هەواڵی فەلەستینیش لەو بارەوە دەڵێن تا ڕۆژی سێشەممە ژمارەی قوربانیانی ئەو شەڕە گەیشتۆتە ٢١٨ کەس و ٥ هەزار و ٦٠٠ کەسیش بریندار بوون.