وەزارەتی وەرزشی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە، بەهۆی شێوازی جلوبەرگی کێبەرکێیەکان، کچانی ژیمناستیککاری ئێرانی، لە کێبەرکێیە جیهانییەکاندا ناتوانن بەشداری بکەن.
مەهین فەرهادیزاد، جێگری بەشی گەشەی ژنان لە وەزارەتی وەرزش و لاوانی ڕێژیمی ئێران، پاش پەسەند نەکردنی جلوبەرگی ژیمناستیککارانی ژن بۆ ڕۆیشتنە کێبەرکێیەکانی دەرەوەی وڵات وتوویەتی: لە وەرزشەکانی مەلە و ژیمناستیک بەهۆی جلوبەرگی “پێوەرمەند” لە جیهاندا کچانی ئێمە ناتوانن بەشدار بن.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند؛ کچان و ژنانێکی قارەمانمان لەو بوارانەدا هەیە کە بە دانانی کێبەرکێی نێودەوڵەتی لە وڵاتانی ئیسلامی و لە نێوخۆدا، هەوڵ دەدەین بۆیان قەرەبوو بکەینەوە. ئەوە لەحاڵێکدایە کە بە پێچەوانەی روانگەی بەرپرسانی ڕێژیم، وەها ڕێگرییەک تەنیا لەنێوبردنی وزە و پەراوێزخستنی توانای وەرزشوانانی بەدواوەیە و هاوکات ئاشکرایە کە بەرپرسانی پێوەندیدار، تەنیا وادە و بەڵێنی بە وەرزشوانان دەدەن و بەڵێنییەکانیان هیچکات بە کردەیی ناکەن.