٢٣١ چالاکی سیاسی و مەدەنی لە ٥٠ شار و ٢٥ پارێزگای ئێران لە نامەیەکدا داوایان لە خەڵکی ئێران کردووە کە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ١٤٠٠بایکۆت بکەن و یەکدەنگ بن تا ئەو ڕێژیمە دژە خەڵکییە بەردەوام نەبێ.
بەپێی راپۆرتی ڕادیۆ فەردا ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، واژۆکەرانی ئەو نامەیە کە بریتین لە دەیان کەسایەتیی سیاسیی، مەدەنیی، کەمینە مەزەهەبیەکان و بنەماڵەی ئەو کەسانەی کە بوونە قوربانیی دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێن:هاودەنگ بین بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژادنی بێ بنەمای ١٤٠٠ و تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی.
واژۆکەرانی نامەکە نووسیویانە:” ئێمە وەک نموونەیەک لە هەموو خەڵکی ئێران، لە جیابیران، باوەڕ و ئایینەکان و لە هەموو پارێزگا و شارە و گوندەکانی ئێرانین کە وەک میلیۆنان شارۆمەندی ئێرانی بوونەتە قوربانیی گەندەڵیی و توندوتیژی و ناکارامەیی ویلایەتی فەقیهـ و یاسای بنەڕەتیی بەستراوە بەو حکوومەتە دیکتاتۆرییە.
ئامانج لە بایکۆتکردنی هەڵبژادنەکان لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە لەو نامەیەدا تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی بەبێ توندوتیژی لە ڕاستای بنیادنانی یاسایەکی بنەڕەتیی دێموکراتیک و سکۆلار لە سەر بنەمای ڕاگەیاندنی جیهانیی مافی مرۆڤە.
پێشتریش لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا ١٠٢ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی و زیندانیی عەقیدەتی ئێران لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان خوازریاری ڕێفراندۆمی نەتەوەیی لە ئێران، بە چاوەدێریی شورای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون.