لە ئاکامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا “حیسام ئەبوو هەربید” یەکێک لە ڕێبەرانی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەلەستین کوژرا.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕه کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە، ڕۆژی دووشەممە٢٧ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ئاکامی هێرشی مووشەکیی هێزی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل، بۆ سەر مۆڵگەکانی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی، یەکێک لە ڕێبەرانی گەوەرەی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەلەستین بە ناوی” حیسام ئەبوو هەربید” کوژراوە.
ئیسرائیل لە ماوەی شەڕی یەک حەوتووی ڕابردوودا ناوی دەیان کەس لە ڕێبەرانی سەربازیی و سیاسیی جیهادی ئیسلامی وبزووتنەوەی حەماسی بڵاو کردۆتەوە کە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەرتەشی ئەو وڵاتەدا کوژراون.
لە درێژەی تێکهەڵچوونەکاندا ئیسرائیل بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ناوچەکانی کەرتی غەززەی بە خستی بوردمان کردووە و ئاماری کوژراوانی گرووپی حەماس وبزووتنەوی جیهادی ئیسلامیی فەلەستین گەیشتوەتە ٢١٨کەس و زیاتر لە ٥هەزار و ٦٠٤کەسیش بریندارن.
هەرلەم پێوەندییەدا ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە هێرشی کردۆتە سەر ژێردەریاییەکی گرووپی حەماس کە دەیویست لە باکووری غەززەوە هێرش بکاتە سەر سەرچاوە دەریاییەکانی ئیسرائیل و ئەو ژێردەریاییەی تەقاندوەتەوە.