ویکی لیکس: ئێران یەکێک لە گەورەترین بازرگانانی ماددەی هۆشبەرە لە جیهاندا و زۆربەی ئەو ماددە هۆشبەرانە کە لە وڵاتانی دەورووبەری ئێراندا بەرهەمدێن لە ڕێگای سپای پاسدارانی ئێرانەوە بە شێوەیەکی نایاسایی و قاچاخ ڕەوانەی وڵاتانی ئورووپایی دەکرێ.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەلایەن “ویکی لیکس”ەوە بڵاوکراوەتە ئێران گەورەترین بازرگانی ماددەی هۆشبەرە لە جیهاندا و سپای پاسداران یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی قاچاخ و گواستنەوەی ماددەی سڕکەرە لە ئێرانەوە بۆ وڵاتانی ئورووپایی.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ساڵی ٩٩ی هەتاوی، وڵاتی ڕۆمانی، گەورەترین باری قاچاخی ماددەی هۆشبەری کە ٢هەزار و٢٥٠ کیلو بووە و لە کەشتییەکی ئێرانیدا حەشار درابوو و کەشتییەکە سەربەهێزەکانی سپای پاسدارانی ئێران بووە دەستی بەسەردا گرتووە.
هەرلەم پێوەندییەدا بەرپرسانی ئەمریکایی ڕایانگەیاندووە کە هێزی سپای قودسی ئێران یەکێک لە گەورەترین بازرگانانی ماددەی هۆشبەرە لە جیهاندا و وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، یەکێک لە فەرماندەکانی سپای قودسی ئێرانی بەناوی” غوڵامڕەزا باغبانی” بەتۆمەتی قاچاخی ماددەی هۆشبەر خستە لیستی ڕەشی گەمارۆکانیەوە.