ڕێکخراوی مافی مڕۆڤی ئەهواز”ئەهرۆ” بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە سێ کەس لە بەندکراوانی سیاسیی خەڵکی ئەهواز پاش ئەشکەنجەیەکی زۆر بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.
ڕێکخراوی مافی مڕۆڤی ئەهواز، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە سێ بەندکراوی سیاسیی بە ناوەکانی” محەممەد عەلی عەمووری، موختار ئالبوشووکە و قاسم سنجەری” لە بەندیخانەدا پاش ئەشکەنجەیەکی زۆر گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و لە چارەنووسی ناوبراوان هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.
لە بەیاننامەکەی ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییەدا هاتووە کە هۆکاری ئەشکەنجەی ئەو سێ بەندکراوە سیاسییە، شەڕکردن لە نێو بەندیخانەبووە کە هێزەکانی ڕێژیم لە ڕێگەی کەسانی خویانەوە لە بەندیخانە شەڕێکیان سازکردووە و ئەو شەڕە بووەتە بیانوو بۆ ئەوەیکە هێزە ئەمنییەتییەکانی بەندیخانە هێرش بکەنە سەر ئەو سێ بەندکراوە سیاسییە.
عەمووری و ئالبوشووکە، لە چالاکانی عەرەب و ئەندامی ڕێکخراوی فەرهەنگیی “ئەلحوار”ن کە لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەهوازەوە بە تۆمەتی ئەمنییەتی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و هەروەها سنجەری، یەکێک لە چالاکانی سیاسیی عەرەبە کە بەهۆی چالاکیی سیاسیی و کۆمەڵایەتییەوە سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاوە.