میلیشیا حووسییەکان هێرش دەکەنەسەر گوندێکی یەمەن و ٤٢کەس لە خەڵکی ئەو گوندە دەسبەسەردەکەن
بەهۆی دڕاندنی وێنەی قاسم سولەیمانی، لەلایەن خەڵکی گوندێکەوە لە باکووری یەمەن، میلیشیا حووسییەکانی یەمەن هێرش دەکەنە سەر ئەو گوندە و ٤٢کەس لە خەڵکی ئەو گوندە دەسبەسەر دەکەن.
ناوەندی دادپەروەریی ئەمریکایی”ئەی، سی، جەی” ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە میلیشیا حووسییەکانی یەمەن هێرش دەکەنە سەر خەڵکی گوندی”ئەلعەرە” لە باکووری یەمەن و بە پاساوی دڕاندنی وێنەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سپای قودس، پاش لێدان و ئازارێکی زۆری خەڵکی گوندەکە ٤٢کەسیان دەسبەسەر دەکەن.
لەدرێژەی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووەکە میلیشیا حووسییەکان، هێرش دەکەنەسەر مزگەوت و ماڵی هاووڵاتییان لەو گوندە و بە هەڕەشە و زەبری چەک دەیانگوازنەوە بۆ بەندیخانەی میلیشیا حووسییەکان لە ناوچەی شەبام.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤی یەمەن و ١٣ ڕێکخراوی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ، میلیشیا حووسییەکانی یەمەن لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینییەوە تا ئێستا زیاتر لە ٣هەزار و ٨٨٨کەس لە خەڵکی یەمەنیان ڕفاندوە و دەسبەسەریان کردوە.
هەروەها میلیشیا حووسییەکانی یەمەن، هەموو ڕاگەیاندن و بڵاوکراوەکانی شاری “سەنعا”یان داخستووە و تەنیا ئەو بڵاوکراوانەی کە لە ژێر چاوەدێری میلیشیا حووسییەکاندایە ئیزنی چالاکییان لە سەنعا هەیە.