ئێران ئینتێرناشناڵ لە راپۆرتێکی تایبەتدا ڕایگەیاند کە لە خەڵکی ئێران تەنیا لە سەتا ٢٧ بەشداری دەکەن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریدا، کێبەرکێی سەرەکیی لە نێوان” ئەحمەدینژاد “و” ڕەئیسی”دایە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئێران ئینتێرناشناڵ و بەپێی ئەو ڕاپرسییەی کە لە خەڵکی ئێران کراوە تەنیا لە سەتا ٢٧ی خەڵک بەشداری هەڵبژاردنەکان دەبن، کێبەرکێی سەرەکیی لە نێوان مەحموود ئەحمەدینژاد و ئیبراهیم ڕەئیسیدایە و بەربژێرە ڕێفۆرمخوازەکان لە ئێراندا هیچ جۆرە پێشوازییەکیان لێناکرێ.
بەپێی ئەو ڕاپرسییە لەسەتا ٥٥ی خەڵکی ئێران وتوویانە کە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری ناکەن و لەسەتا ١٨ی خەڵک دوودڵن لە بەشداری کردن و تەنیا لە سەتا ٢٧ی خەڵک دەڵێن دەچێنە سەر سەندووقەکانی دەنگدان و بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئێران دەکەین.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپرسییەکەی، ئێران ئینتێرناشناڵدا هاتووە کە ئەگەر شۆرای نیگابان مافی خۆ بەربژێرکردن بە ئەحمەدینژاد بدا ئەو ناوبراو ڕەکابەری سەرەکیی ئیبراهیم ڕەئیسی لە هەڵبژاردنەکاندا دەبێ.
هەرلەم پێوەندییەدا ئەحمەدی نژاد رایگەیاندووە کە ئەگەر شۆرای نیگابان مافی خۆ بەربژێرکردنی بۆ سەرۆککۆماری پێنەدا ئەو لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداریی ناکا و پشتیوانیی لە هیچ بەربژێرێکیش ناکا.